فوئاد حوسێن سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانێکی فەرمیی یەک ڕۆژە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دەدات. ئامانج لە سەردانەکە تاوتوێکردنی “پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و تارانە”.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێکدادانەکان لە سووریا تووندبوونەتەوە و نزیکەی دوو هەفتە زیاتریشە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئێرانی گرتووەتەوە، بۆیە گفتوگۆکانی فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاران بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.
لەم سەردانەدا وەزیری دەرەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و تارانە، بەتایبەتی لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگری لە گرووپە تیرۆریستییەکان.



