
پێشکەوتن بژاردە نییە، بەڵکو ڕێگەی مانەوەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا
دیجیتاڵکردنی دارایی تەنها گۆڕینی کاغەز نییە، بەڵکو، پاراستنی ژینگەیە، ڕێگرە لە گواستنەوەی نەخۆشی، گەڕانەوەی کات و وزەیە، بەستنەوەی هەرێمە بە بازاڕە جیهانییەکانەوە..
کۆمەلگەی جیهانی بە خێرایی بەرەو نەهێشتنی دراوی کاغەزی هەنگاوی ناوە، کابینەی نۆیەمیش بەشێک بووە لەو هەنگاوە و لە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە تا دەگاتە سیستەمی باج و ڕسوومات..
بەڵام هەوڵە چەواشەکارییەکانی هەندێک لایەنی سیاسی و بازرگان، دژەکورد و عێراقخوازان، کە لە پێناو بەرژەوەندیی تەسک و سیاسی دەیانەوێت هاووڵاتی لەم پێشکەوتنە داببڕێنن. متمانەی خەڵک بە سیستەمی بانکی تێک دەدەن، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی دارایی تەمومژاویدا بمێنێتەوە.
سەرەتا لە ڕێگەی هەژماری من، پارەی مووچە شفاف کرا و نۆڕەگرتن نەما، مووچەخۆر دەتوانێت بەبێ هەڵگرتنی جانتایەک پارە، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کڕین بکات، بێ ترسی دزین یان ونبوون.
پڕۆژەکەی، جگە لە ڕێکخستنەوەی مووچە، دەیان خزمەتگوزاریشی پێشکەش کرد، بۆ نمونە، بانکی جیهان کە بەشداربووی پرۆژەکەیە، دەڵێت، پێنج مووچە بە قەرز دەدەم بەوانەی، هەژماری منیان هەیە.
دواتر، (ئی-پسوولە) بووە پردێکی دیکە لە نێوان حکومەت و هاوڵاتی، بەبێ نۆرەگرتن و کات کوشتن، باج و ڕساتەکەت لێوەی دەدەی. خزمەتگوزاریەکی دیکەشی ئەوەیە: دەتوانی پارەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و سزای هاتووچۆی لێوەبدەی.
پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ ناتەوێت ببیت بە بەشێک لەو سیستەمە جیهانییە؟
محەمەد ڕەفیق کوردی



