لە کۆبوونەوەکەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سوریا باسی چی کرا؟

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی یەکگرتن و دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا كرا بەتایبەت كوردو دروز، دەشڵێت، “ترەمپ پرۆسەی یەکگرتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری خستوەتە لەپێشینەی کارەکانی”.
ئەمڕۆ هەینی ١٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو دیدارەی کە شاندی سوری، کە پێکهاتبوو لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆکردەوە، لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کۆتاییهات.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا پرسی تێکەڵبوون و دەستەبەرکردنی مافی هەمو پێکهاتەکانی سوریا لە پرۆسەی سیاسییدا، کە لە سەروی هەمویانەوە کورد و دروزەکان، لەگەڵ گرنگیی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش تاوتوێکران.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، مارکۆ ڕۆبیۆ جەختیکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دۆسیەی سوریا، پرۆسەی تێکەڵبوون، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پێشینەی کارەکانیدا دادەنێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی هەریەكە لە مەزلوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ئەسەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بە نوێنەرایەتی شاندی سوریا لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەڵمانیا كۆبوونەوە.



