
پەرلەمانی عێراق پێشنیازی کردووە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نوێ ببەسترێتەوە بە لەناوبردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن، هاوکات تەنیا ڕێگە بە هاوردەکردنی 100,000 ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا دەدرێت.
بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و نوێکردنەوەی سیمای شەقامەکان، پێشنیازێکی نوێ لەبەردەم حکومەتی عێراقدایە کە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نوێ دەبەستێتەوە بە لەناوبردنی ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان. بەپێی پێشنیازەکە، ساڵانە تەنیا مۆڵەتی هاوردەکردنی 100,000 ئۆتۆمبێل دەدرێت، بەو مەرجەی بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێکی نوێ کە دێت، ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆن لەناو ببرێت (بکرێتە ئاسن).
فەریق عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق ڕایگەیاند: ەمە سیستەمێکی شارستانییە بۆ کەمکردنەوەی لۆد و دووکەڵی ژەهراوی؛ ئۆتۆمبێلە نوێیەکان سیستەمی پاراستنیان تێدایە و قوربانییانی ڕووداوەکان کەمدەکەنەوە.
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند: لە کوردستان پابەند نین بە سنووردارکردنی هاوردە؛ تەنیا لە 2 مانگی ئەمساڵدا 24,535 ئۆتۆمبێلی نوێ هاتوونەتە هەرێم و هیچ بڕیارێک بۆ لەناوبردنی ئۆتۆمبێلی کۆن لە ئارادا نییە.
لە بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێکی نوێدا، بڕی 4,000 دۆلار وەک ڕەسمی دارایی بۆ دەوڵەت وەردەگیرێت و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ڕۆتینی لە فەرمانگەکاندا نەهێشتووە و ئێستا بەهۆی سیستەمی ئەلیکترۆنیی نوێوە، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لە ماوەی تەنیا 30 خولەکدا مامەڵەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکەی تەواو بکات.



