جیهانهەواڵ

سەرۆکی چین یەکەم سەردان دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەنجامدەدات

شی جین پینگی، سەرۆککۆمار چین، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٢٢ـمین دانیشتنی لووتکەی شەنگهای گەیشتە شاری سەمەرقەندی پایتەختی ئۆزباکستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ئاسیا.

لەهەمانکاتدا ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بۆ بەشداریکردن لە هەمان دانیشتن، گەیشتە سەمەرقەند و لەپەراوێزی ئەو سەردانەشی دا، چاوی بە “شی جین پینگ”ـی هاوتا چینییەکەی کەوت.

“ڕێکخراوی هاوکاری شەنگهای”، ڕێکخراوێکی هاوکاریی چەند لایەنەی ئابووریی، وزە و تەناهی نێوان چین و ڕووسیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئاسیایە. دوای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و چین لەسەر سەبارەت بە تایوان، ئەمە یەکەم دیداری سەرکردەکانی رووسیا و چینە.

چاودێرانی ئابووریی و سیاسی، پێیانوایە ئەم دامەزراوە هاوکارییەی ئاسیا، جەمسەرێکی ئابووریی، وزە و ستراتیژییە بەرامبەر بە وڵاتانی ئەندام لە (گروپی حەوت – G7)، کە پێکدێت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و کەنەدا.

لای ڕاست: شی جین پینگ، سەرۆکی چین لای چەپ: ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا . وینە: Reuters

ئەم کۆبوونەوەیە، بۆ سەرۆکی چین، کە یەکەمین سەردانیەتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاوی بە هاوتا ڕووسییەکەی و سەرکردەی بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا بکەوێت.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی شانگهای، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێشتر ئەندامی چاودێر بوو، بووە بە ئەندامی هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوە.

رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای کە لە چین، رووسیا، پاکستان، کازاخستان، ئۆزباکستان، قیرغیزستان و تاجیکستان پێکدێت، ساڵی 2001 وەکو رێکخراوێکی ئابووریی وتەناهی بۆ هاوکاری و پتەوکردنی پەیوەندیی بوارەکانی، وەک: ئابووریی، وزە، سیاسی و تەناهی دامەزرێندرا.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button