ڕاپۆرتکوردستانگرنگهەواڵ

ناکۆکییەکانی پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزان و ئافرەت بەردەوامی هەیە

دوای خوێندنەوەی دووەم، بۆ پرۆژەیاسای “ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان وئافرەت لە هەرێمی كوردستان-عێراق”، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، رایگەیاند “ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ” و بەهۆی بۆچوونی جیاوازەوە، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ کاتێکی تر دواخست.

دوای خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت،  بەشێک لە مەلایان و کەسایەتیە ئیسلامییەکانی کوردستان، کاردانەوەیان بەرامبەر بە پڕۆژە یاساکە پێشاندا.

پڕۆژە یاساکە چییە؟

پرۆژەیاسای “بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان-عێراق”، ساڵی ٢٠٢١.  لەلایەن٣٢- پەرلەمانتارەوە پێشکەشکراوە. پێشنیارە یاسایەکە لە (٩) ماددە پێکهاتووە و (١٦) کرداری وەک توندوتیژی دژی “ئافرەت” و “خێزان” دیاریکردووە.

لە ماددەی دووەمی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە ١٦ کرداری وەک توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان دیاری کردووە. (چوار بەندی ماددەی دووەم)  لە بارەی “هاوسەرگیری” و “تەڵاق” -ن.  

“بەزۆری هاوسەرگیریی کردن، هاوسەرگیری (شغار) و بەشوودانی بەچووک، بەشوودان لە بری خوێن (دییە) و بەزۆر تەڵاقدان” بەگوێرەی ئەم ڕەشنووسە، ئەمانە بە تاوانی توندوتیژی هەژماردەکرێت.

لەبارەی سنوور و پەیوەندییەکانی خێزان و ئەو کارانەی ئەگەر ئەنجامبدرێن بەرامبەر بە ئەندامانی خێزان، بە توندوتیژی هەژماردەکرێن “پچرانی پەیوەندی رەحم، زۆرلێکردنی ژن لەلایەن مێردەکەیەوە بۆ بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی، هەڕەشەکردن، ناچارکردنی تاکەکانی خێزان لەسەر بەجێهێشتنی وەزیفە یا کار بەبێ ویستی خۆیان، خۆکوشتن لە ئەنجامی توندوتیژی، ناچارکردنی منداڵ بۆ کارکردن و دەرۆزەکردن و بەجێهێشتنی خوێندن” ئەمانەش بە تاوانی توندوتیژی خێزانی یا توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت هەژماردەکرێت.

لە رووی دەروونی و هەڵسوکەوتی ئەندامانی خێزان بەرامبەر یەکتری، ” سووکایەتی پێکردن و جنێودان و قسە گۆتن بە کەسوکار، بەکەم تێروانین بەرامبەر ئافرەت یا خێزان، ئەزییەتدان و ئەنجامدانی گووشاری دەروونی لەسەر ئافرەت یا یەکێک لە تاکەکانی خێزان” ئەمانەش بە تاوان دادنرێن.

یەکێک لەو بەندانەی ماددەی دووەمی ئەم پڕۆژەیاسایە، کاردانەوەی لێکەتەوە، خاڵی کۆتای ماددەکەیە کە دەڵیت: “بەزۆر سەرجێکردنی هاوسەرگیری” بە توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان دادنرێت.

دانیشتنی دووەم بۆ خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی و ئافرەت. وێنە: parliament.krd

بۆچوونە جیاوازەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان:

 جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی. لە کاتی خوێندنەوەی ئەم پرۆژەیاسایە دا، دەڵێت “بەزۆر سەرجێیکردنی هاوسەرگیری” بە پێچەوانەی فەرموودەی پەیامبەری ئیسلامە و رایگەیاند ” ئەوە نەسەن دژی فەرموودەی پێغەمبەرە”

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوەخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی گفتوگۆی دووەمی ئەم پڕۆژە یاسایە، رایگەیاند ” شتێک کە لەگەڵ دابوونەریتی کۆمەڵگا نەگوونجێت، لە سەر کۆمەڵگای ئێمە فەڕزی بکەین”

وەزیری ناوەخۆ، لە درێژەی گوتارەکەیدا لە ناو هۆڵی پەرلەمان، لە بارەی یاساکەی پێشوو رایگەیاند ” ئێمە یاسایەکمان هەیە، ١٠ ساڵ زیاترە ئیشی پێدەکەین، وە لەم پەرلەمانە دەرچووە سەڕەرای بیربۆچوونی جیاواز”  

هەر لەبارەی یاساکەی پێشوو، وەزیری ناوەخۆ رایگەیاند ” ئەو یاسایەش لەگەڵ بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام گوونجاوە” بەڵام، هۆکاری گۆڕانکاری لە یاسای پێشو و نووسینەوەی ئەم ڕەشنووسە. رێبەر ئەحمەد روونکردنەوە دەدات و دەڵێت ” ئەوەی پەرلەمانی کوردستان هەستی پێکرد وئێمەش پشگیریمان کرد لەوەی هەندێ کەموکوورتی لە یاساکەدا هەیە، دەمانەوێت ئەو کەموکورتیانە پڕبکەینەوە”

وەزیری ناوەخۆ، لە بارەی هۆکاری جەختکردنەوەی  پرسی ئافرەت لە پڕۆژەیاساکە، ئاشکرایکرد: داوای لە ئەندامانی پەرلەمانکرد ئەگەر هەفتەیەک سەردانی “هێلی گەرمی وەزارەتی ناوەخۆ” بکەن، دەتوانن تێبگەن، سەدا ٩٩-ی ئەوانەی رۆژانە سکاڵا تۆمار دەکەن، ئافرەتن.

 لە بارەی رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بەئافرەتان بە بەراوورد بە پیاو، رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد ” رێژەی توندوتیژی بە بەراورد بە پیاو زۆر زیاترە”

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوەخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. وێنە: parliament.krd

رای فەرمی  فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان:

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فارکسیۆنی پارتی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک”، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “لەبارەی ئەم پڕۆژە یاسایە لەیەکەم ماددە کە گفتوگۆی لەسەرکرا بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان هەڵوێستی پارتی ڕاگەیاند (کە هیچ پڕۆژەو یاسایەک تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت)”

لەلای خۆشیەوە سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکی بۆ راگەیاندنی پارتەکی وتی “خێزانی کوردی لەسەر بەهاو قییەمی ئیسلامی پێکهایووە بە مەوەدەت و رەحمەت پێکهاتووە”

ئەمنداری گشتی لە درێژەدا لێدوانکەی دەڵێت “قانوون یا بەناوی قانوونەوە، بەناوی مافی ئافرەت چوونەناو ئەو تەفاسیلەی ژیانی خێزانی، شتێکی هەڵەیە. شاراوە نییە ئەمە کلتور کۆپیکردنی خەڵکە وە تەنانەت ئەگوترێت قۆنتەراتە. دەوترێت خەڵکێك هەیە ئەمەی کردۆتە پڕۆژەی خۆیی و بەرنامەی کاری، نەوعێک لە هەراجکردنی بەهاو شووناسی ئەخلاقی و خێزانی کوردی”

سەڵاحەددین بەهائەدین بۆچوونی حزبەکەی لەسەر ئەم پڕۆژەیاساییە، ئاشکرا دەکات و دەڵێت ” لەبەرئەوەی ئێمە زۆر بەجدی پێی ناڕازین و وە دژینی”

سەڵاحەددین بەهائەدین ئەمیداری گشتی یەکگرتوو. وێنە:speda.net

هەرچی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەم بارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە ورایگەیاند “بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکدی”

لەبارەی توندوتیژی ئافرتەوە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە “بەلای ئێمەوە [یەکێتی نیشتمانی کوردستا]هیچ شەرەفێك لە ژن کوشتندا نییە. توندوتیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کولتووری  کوردەواری رەسەنن و لەو پێناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن”

عەلی حمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان ، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەڵێت “خێزان قەڵای پاراستنی کۆمەڵگایە. ئێمە پاسەوانی ئەم قەڵایەین. ئێمە کۆنەپەرست نین. دواکەوتوی ئەوەیە بەناوی بەرگری لە ژن و ئازادی خێزان هەڵوەشێنیتەوە، ژن بێ ماڵ بکەیت و منداڵ سەرگەردان بکەیت”

ناڕەزای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:

یەکێتی زانیانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، هۆکاری ناڕازییەکانی بەرامبەر ئەم پڕۆژە یاسایە نەخستۆتە روو، بەڵام، لە روونکردنەوەکی دوێنێ هەینی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، هاتووە “دوای خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆمان دەرکەوتووە، کە ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتیەو ئەگەری لێکەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە”

لە درێژەی روونکردنەوەکە دا هاتووە ” لەم سۆنگەوە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژەی ناواقعی و نەگونجاو بە کلتور و واقعی میللەتەکەمان نەخاتە بەرنامەی کارو  هەوڵی بە یاسا کردنی نەدات، چوونکە دەرکردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەیە نەک زیاتر کردنی ئاریشە”

تاکو ئامدەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لیژنەی فەتوای کوردستان، کە هەر بەشێکە لە یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستانە، هیچ روونکردنەوە یا کاردانەوەیەکی نەبووە.

لۆگۆی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

بۆچوونی چاودێران:

هەر لەبارەی ئەم پڕۆژە یاسایەوە، نووسەر و جاودێری سیاسی ئەبووبەکر کاروانی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە “فەیسبووک”  چەند خاڵێکی لەبارەی پڕۆژە یاساکەوە دەنووسێت “خێزانی کورد ژێرخان و بونیادی پاراستنی ناسنامەی کۆمەڵیایەتی و ئەخلاقیی وئایینی و نەتەوەیی گەلی کوردستانە. ھەروەھا دوا قەڵای بەرگریکیردنە لە بەیەکگرتوو مانەوەی کۆمەڵگە”

کاروانی لەبارەی یاسا و فقه-ەوە دەنووسێت “بنەرەت ئەوەیە دین و ئەخلاق خێزان بەڕێوە بەرن و حوکمی ناوەوەی بکەن، نەك فقھ و یاسا”

لەبارەی ئەو بڕگەییەی باس لە پەیوەندی سێکسی هاوسەران دەکات، ئەم نووسەرە دەڵێت “بەش بە حاڵی خۆم، نکۆڵی لە بوونی چەندین کێشە لە  ناوخێزان و لەوانەش کێشە لە پەیوەندی جنسی نێوان ژن و پیاو لەخێزانی کوردیدا ناکەم، بەڵکو ئەوەی پێی لەسەردادەگرم، خۆماڵی بوونی چارەسەرەکان وئەخلاقیبوونی پاڵنەرو ئامانجەکانە لەدەستبردن بۆ پرسەکانی تایبەت بەخێزان”

ئەبووبەکر کاروانی، نووسەر. وێنە: پێگەی تایبەتی نووسەر لە فەیسبووک

مەریوان هەڵەبجەی نووسەر و چالاکوانی مەدەنی، کە خۆی بە کەسێکی (بێ باوەڕ بە ئایین و خوا دەزانێت)، لە بارەی قسەکانی “جەلال پەرێشان” ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاساکە، لە تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک، دەنووسێت “دەیەوێت ئاکارو بیرو ئەخلاقی ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا بکاتە ماددەیەکی یاسایی سەدەی بیست و یەک! لێمان بۆتە شیکەرەوەی حەڵاڵەکانی شەریعەتی ئیسلام،  بەرگری لە غەریزەی سێکسی پیاوان دەکات و ئەو هەستە نا مرۆڤانەیەی کە لەبیرو هۆش و ئەخلاقیدا گرمۆڵە بووە، بێ شەرمانە دەیخاتە ڕوو”

مەریوان هەڵەبجەیی، نووسەر. وێنە: پێگەی تایبەتی نووسەر لە فەیسبووک

ئاماری توندوتیژی خێزانی و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان:

بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان ئاماری توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان-ی لە نێوان ساڵی (٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١) بڵاوکردۆتەوە، لە ئامارەکەدا هاتووە: ٤٩٠ ژن کوژراوون، ٦١٢ ژن خۆیانکوشتووە، هەروەها (٧٣ هەزار و ١٥) ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button