کوردستانگرنگ

مەسرور بارزانی: نەوت نامێنێت، بۆیە دەبێت پشت بە کشتوکاڵ ببەستین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی هەوڵەکانیان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکات و دەڵێت، لە داهاتوودا نەوت نامێنێت، بۆیە دەبێت پشت بە کشتوکاڵ ببەستین

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکی 12 خولەکیدا نیگەرانیی جووتیاران بۆ ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بەتایبەت میوە بۆ وڵاتانی دەرەوە دەخاتەڕوو. دەڵێت: جەخت لە یارمەتیدانی جووتیاران دەکەینەوە. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکرێت کە ئەوەش وادەکات هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت، وەک چۆن کشتوکاڵ لە هەر وڵاتێک “بنەمای دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێزە.”

لەبارەی هەناردەکردنی هەناریش گوتی، هەناردەکردنی هەنار دەستپێکێکە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکە.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، “گەر سەیری مێژوو بکەن، کشتوکاڵ لەم ناوچەیەوە سەریهەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر سەیری بکەین، چەندین هۆکار هەبوون کە نەیهێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرە بسێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کامپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زەوییەکانیان دووربخرێنەوە، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکومەتێکی داگیرکەر بێت. ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە.”

لەو کاتەشەوە، وەکو مەسرور بارزانی باسی کرد، “سیاسەتێکی دیکە بەرامبەر کشتوکاڵ پەیڕەو نەکراوە تاوەکو بووژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە کوردستان بە خێرایی پەرە بسێنێت.” گوتیشی، “ئێمە لەم کابینەیە هەستمان بەوە کرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە ئێمە داوە، پێویستە ئێمە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیان بین بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێت بە داهاتێک بۆ خۆیان بەڵکو ببێتە داهاتێک بۆ حکومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.”

سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە، جگە لە کشتوکاڵیش، کەرتەکانی دیکەش هەن، وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، مەسرور بارزانی گوتی، “گرنگیمان بەمانەش داوە، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵی پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکەش. کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە؛ ئەو کاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت.”

کشتوکاڵ دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی چەندین هەلی کار، بۆ نموونە، “جووتیارێک تاوەکو بەرهەمی خۆی دەچنێتەوە و دەیگەیێنێتە بازاڕ، دەبێ بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕێت و پێویستی بە چەند ئامرازێکە، پێویستی بە ئامێرێکە بۆ یارمەتیدانی ئەو جووتیارە تاوەکو بەرهەمەکەی خۆی پێبگەیێنێت. ئەوەش وا دەکات کە کەرتی پیشەسازی (بە نموونە) بێتە ناو بابەتەکەوە و دابینکردنی ئەو ئامێرانە فەراهەم بکات.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button