ئەمڕۆ دووشەممە 12ی كانوونی یەكەمی 2022، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری حکومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان دید و بۆچوونی حکومەتی هەرێمیان لە بارەی پرەنسیپە گشتییەکانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023، خستەڕوو و بە پێویستیان زانی دەستوور و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق، ببێتە بنەمایەک بۆ رێکەوتن لەسەر ئەو بابەتە.
ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری ئاماژەیان بە بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵیان کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتە هاوتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
شاندی حکومەتی هەرێم لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتووە.
میدیا مەگەزین