لە ماوەی ئەمساڵدا 12 کرێکاری بیانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و تەرمی حەوت لەو کرێکارانە رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
محەممەد هەژار، سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیانی لە سلێمانی گوتی: “ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەکی بیانی لە سلێمانییەوە رەوانەی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، ئەو هاووڵاتییە بیانییە ناوی ئانو ئالی-یە لە دایکبووی ساڵی 1986ـە و خەڵکی وڵاتی نیپاڵە، لە 14ی ئەم مانگەدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانی لەدەستدا”.
راشیگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە بیانییە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان ئاگادارکردووە، دواتر رێکارەکانیان بۆ گەڕاندنەوە تەرمەکەی گرتووەتەبەر و ئەمڕۆ تەرمەکەی بۆ وڵاتەکەی بەڕێدەکرێتەوە.
گوتیشی: “لە ماوەی ئەمساڵدا 12 هاووڵاتی بیانی لە پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، تەرمی حەوتیان رەوانەی وڵاتەکانیان کراوەتەوە، ئەوانی دیکە لێرە بە خاکسپێردراوە، هۆکارەکەشی خەرجی زۆری ناردنەوەی تەرمە، کەسێک نییە پشتیوانە مادییەکەمان بۆ دابین بکات کەسوکاری خۆشیان ناتوانن ئەو خەرجییە دابین بکەن.
میدیا مەگەزین