دایک و باوک و کوڕێکی خەڵکی کەرکووک بەهۆی بوومەلەرزەوە لە شاری هاتای تورکیا پێکەوە لەژێر داروپەردووی ماڵە رووخاوەکەیان گیانیان لەدەستدا.
عەبدولکەریم عەبدوڵڵای باوک، سەعدوڵڵای کوڕی و خەدیجەی خێزانی دوای شەش رۆژ تەرمەکانیان لەژێر پاشماوە و خاشاکی باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی دەرهێندرا.
ئیبراهیم تەحسین، برازای عەبدولکەریمە و تازە لە تورکیا گەڕاوەتەوە، ئەو چووبوو تاوەکو هەواڵێکی خۆش بۆ کەسوکارەکەی بهێنێتەوە، بەڵام تەنیا فریای دەرهێنانەوەی تەرمەکان و ناشتنیان کەوتبوو. پێی گوتم، “من لە پارێزگایەکی دیکە و مامم لە پارێزگایەکی دیکە بوو، نەمدەتوانی بچم بۆلایان، رێگەکان هەموویان تێکچووبوون، هیچ دەرچەیەک نەبوو بۆ رۆیشتن، بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو، تەرمەکان دوای شەش رۆژ دەرهێندرانەوە.”
کەسوکاری قوربانییەکان کە بە نەتەوە تورکمانن، هەر لە کەرکووک دوو رۆژ پرسەیان دانا؛ ئەوان کە بە نیازبوون لە پێشوازیی گەڕانەوەیاندا بۆنەیەک رێکبخەن، ئێستا هەمووان لە دووریی گۆڕەکانیان ماتەم دەگێڕن.
تەحسین، برای بچووکی عەبدولکەریمە، لە دوای ئەو کارەساتە، ئێستا تەنیا خۆی لە کەرکووک ماوەتەوە، دوو برای دیکەشی پەنابەرن لە ئەڵمانیا. دەڵێت، “سوپاس بۆ خودا، دەسەڵاتی خوای گەورەیە، هەڵسام لەخەو بینیم لە هەواڵەکان لە تورکیا بوومەلەرزە بووە، بینیم هاتای تێدایە کە براکەمی لێیە، پەیوەندیم بە براکەمەوە کرد، داخرابوو، بۆ کوڕەکەی کردم ئەویش داخرابوو، مۆبایلی خێزانەکەیشی داخرابوو، ئێمە دوو رۆژە زانیمان مردوون، هەر واماندەزانی ماون.”
کەسوکاری قوربانییەکان ئەگەرچی خواستی گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە هەر بەوە رازین دوایین مەنزڵی قوربانییەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بێت.