ئاژانسی بوومەلەرزەی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە کە لە ٦ی شوباتدا باشووری تورکیای هەژاندووە، لانیکەم ٣١ هەزار و ٩٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەرزینەکانی هەفتەی ڕابردوو بە پلەی ٧.٧ و ٧.٦ لە کەهرامانماراس بووە و نۆ پارێزگای دیکەی گرتووەتەوە – هاتای، غازی عەنتاب، ئادیامان، مەلاتیا، ئەدەنە، دیاربەکر، کیلیس، عوسمانییە و سانلیورفا. زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان هەستیان بەو لەرزینە بەهێزە کرد کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا تورکیای گرتەوە.
سەرۆکایەتی بوومەلەرزە و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە 249 هەزار کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری لەو مەیدانەدا کاردەکەن.
بەپێی ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی ١٩٥ هەزار و ٩٦٢ کەس ئاوارە بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ٩ هەزار و ٣١٥ کارمەندی بیانی لە ٨٠ وڵاتەوە لە ناوچەی کارەساتباردا کاردەکەن.