
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت دەدات بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئاماژە بەوەش دەکات کە هۆکاری سەرەکیی ئەو چەقبەستووییەی هەیە بریتییە لە “تیرۆرکردنی هاوکار جاف”.
مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی مۆنیتۆر کە ئەمڕۆ هەینی، 17-3-2023، بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لەوانەش بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە لایەن تیمی یەکێتییەوە قسە دەکات و هانی تیمی یەکێتی دەدات بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکان و دەڵێت، پێویستە ناکۆکییە ئابووری و سیاسییەکان لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بکرێن.
“ئەنجوومەنی وەزیران شوێنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە”
مەسرور بارزانی لەوبارەوە گوتی: “ئومێدەوارم بگەڕێنەوە نێو حکومەت. ئەوان [وەزیرەکانی یەکێتی] لە پەرلەمان و لەبەردەم گەلی کوردستان سوێندیان خواردووە. تۆ ناتوانیت بە هەڵهاتن و شاننەدانە بەر بەرپرسیارێتی پرسەکان چارەسەر بکەیت”.
پارتی، یەکێتی و گۆڕان سێ پێکهێنەری سەرەکیی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام چەند مانگێکە تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی کردووە.
یەکێتی دەڵێت، هۆکاری بایکۆتکردنەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە شێوازی بەڕێوەبردن نیگەرانن، بەڵام مەسرور بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی چەقبەستووییەکە بریتییە لە “تیرۆرکردنی هاوکاری جاف” لە هەولێر.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێتی لەو کەیسەدا “هاوکار نەبووە” و سەرنجەکە لەسەر ئەو تیرۆرکردنە دووردەخاتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە “ئەوان کێشەکانی دیکە گەورە دەکەن، وەک پرسی دارایی و هاوبەشیکردنی دەسەڵات، ئەوە لە کاتێکدایە ئەم کێشانە هەمیشە هەبوون”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە تیمی یەکێتی دەکات بگەڕێتەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەڵێت: “ئەوان پێویستە سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی پرسە سیاسی و ئابوورییەکان بێت لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و رێگە بە دادگە و سیستمی سیاسیش بدەن مامەڵە لەگەڵ کەیسی کوشتنەکەدا بکەن، نەوەک ئەوەی هەموو پرسەکان پێکەوە تێکەڵ بکەن”.
مەسرور بارزانی لەو بارەوە زیاتر قسە دەکات و دەشڵێت: “لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا بەشێوەیەکی فەرمی داوام لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە بگەڕێتەوە نێو حکومەت. هەربۆیە، ئومێدەوارم بگەڕێنەوە و لەوێ هەرچی نیگەرانیان هەیە گفتوگۆی بکەن. ئێمە دەتوانین لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەر پرسێک هەبێت چارەسەری بکەین. جگە لەوە، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە”.
“نابێت هیچ شتێک لەسەر حیسابی دواخستنی هەڵبژاردن بێت”
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو ساڵی رابردوو بەڕێوەبچێت، دواخراوە؛ دواخستنێک کە وەک سەرۆک بارزانی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ مۆنیتەر گوتی، دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات، رەوایەتیی دامودەزگا سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تێکبدات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: “بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، کێشەکانیان هەرچییەک بێت، دەبێت سەیری رێگەی جیاواز بۆ یەکلاکردنەوەیان بکەن، بەڵام نابێت هیچ شتێک لەسەر حیسابی دواکەوتنی هەڵبژاردن بێت. دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.”
“پێویستە بەهۆی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە ستایشی ئەمریکا بکرێت”
مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن ئاماژەی بەوەکردووە کە “ئێمە پەیوەندیی باشتر، مامەڵەی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاترمان دەوێت. کورد و ئەمریکا بەها و پرەنسیپی هاوبەشیان هەیە. ئێمە هاوپەیمانێکی سرووشتین و هیوای پشتیوانیی زیاتر دەخوازین.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە “پێویستە ئەمریکا پەرە بە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بدات و بەهۆی ئەو بەشدارییە راستەوخۆ و ئەرێنییەی کە هەیبووە، ستایش بکرێت. پێویستە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ ئەو رۆڵە ئەرێنییە بەکاربهێنرێت کە ئەمریکا دەتوانێت لە ناوچەکەدا بیگێڕێت. بەبێ بەشداریکردنی راستەوخۆی ئەمریکا لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، ئێمە هەموو ئەو شتانەمان نەدەبوو کە ئەمڕۆ هەن. ئەمە چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئابوورییە.”
مەسرور بارزانی دەڵێت: “ئەمریکا بە رزگارکردنی عێراق لە ستەمکاری و دیکتاتۆریی دڕندانە کارێکی گەورەی کرد،” ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڵام بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، کاریگەریی رۆڵی ئەمریکا کەمیکردووە. لە نەبوونی [ئەمریکادا] لایەنەکانی دیکە ئەو بۆشاییەیان پڕکردووەتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر نەبووە.”
مەسرور بارزانی بە میدیا ئەمریکییەکەی گوتووە: “ئێمە دەمانەوێت ئەمریکا کوردستان بە هاوپەیمانێکی بەهێز و باوەڕپێکراو بزانێت و وەک دۆستێک بمانناسێت کە هەمان بەها و پرەنسیپی هەیە. ئێمە بەردەوام باجێکی قورس بۆ ئەو هاوڕێیەتییە دەدەین. پێویستمان بە پشتیوانیی زیاترە لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە.”
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە کە لە هەرێمی کوردستان “دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکا هەیە” و دەشڵێت: “ئێمە دەوڵەمەندین بە سامانە سرووشتییەکان و سەرچاوە مرۆییەکان. توانستی گەشەکردن سوودی هەیە بۆ گەلی کورد و بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش.”