
ژنێکی کورد بەناوی سەرشین پیرە، خەڵكی گوندی (بێساران)ی سەر بە شاری (مەریوان)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە کە پیشەی زێڕینگر بووە، 20 ڕۆژ لەمەوبەر بێسەروشوێن بوو، دوای چەند ڕۆژێك گەڕان بەدوایدا، لە قووڵایی 55 مەتری بەنداوی (گاڕان)ی نزیك شاری مەریوان، بە خنكێندراوی دۆزرایەوە.
بنەماڵەی سەرشین و هاوسەرەكەشی، گومانیان لە كەسێك دەبێت كە تاوانەكەی ئەنجام دابێت و سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن، پاشان تۆمەتبارەكە لەلایەن فەرمانگەی تاوانەكانی مەریوانەوە دەستگیر دەكرێت و لە دانپێدانانەكەیدا باسی لەوە كردووە، سەرەتا سەرشینی خنكاندووە، دواتر بە تەلبەندێك تەرمەكەی دەپێچێتەوە و بەردی پێوە گرێ دەدات، بۆ ئەوەی تەرمەكەی قورس بێت و بكەوێتە ناو قووڵایی بەنداوەكە، پاشان فڕێی دەداتە ناو بەنداوەكە.
دوای دانپێدانانی تۆمەتبارەكەش، تیمەكانی لێكۆڵینەوە ماڵی تۆمەتبارەكەیان پشكنیوە و دەركەوتووە كە هەرچی زێڕ و زیوی سەرشین بووە، دزیویەتی و لە ماڵەكەیدا شاردوویەتییەوە.