
دوای کۆبونەوەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، لێكگەیشتنی زۆر باش هەبووە و بەرەو چارەسەری كێشەكان هەنگاو نراوە.
هیوا گەیلانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، بڕیارە لەم رۆژانە هەردوو مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن و كێشە و گرفتەكان دەكرێت، دواتر لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە لایەن مەكتەبی سیاسی لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام بدرێت و لەوێ كۆتایی بە كێشە و گرفتەكان دەهێنرێت.
گوتیشی، لەدوای لێكنزیكبوونەوەی یەكێتی و پارتی، بەتایبەتی كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، لێكگەیشتنی زۆر باش هەبووە و بەرەو چارەسەری كێشەكان هەنگاو نراوە.
هیوا گەیلانی سەبارەت بە خواستی پارتی گوتی: خواستی پارتی هەمیشە بەو جۆرە بووە كە كێشە و نیگەرانییەكان بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر دەكرێت، پارتی بڕوای تەواوی هەیە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە، بۆیە دەخوازین لایەنی بەرانبەریش هەمان رایان هەبێت، خواستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن پرەنسیپێكی نەگۆڕە و ئەمساڵ هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكرێت.