بەهۆی پیلانێكی پەكەكەوە، سوودانی نەیتوانی سەردانی شنگال بکات

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیاز بووە سەردانی شەنگال بكات، بەڵام پاش ئەوەی زانیویەتی پەكەكە پیلانێكی لە دژ ئامادە كردووە، سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21-5-2023، ماڵپەڕی (العربي الجدید) ئاماژەی بەوەداوە کە لەو سەردانەی كە لە ڕۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگەدا بۆ پارێزگای نەینەوا كردوویەتی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیاز بووە سەردانی بكات، بەڵام پاش ئەوەی زانیویەتی پەكەكە پیلانێكی لە دژ ئامادە كردووە، سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.
وتیشی، سوودانی بەنیاز بووە بۆ زانینی بارودۆخی راستەقینەی قەزا و ناحیەكانی سنووری نەینەوا كە چەندان ساڵ لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون، سەردانی هەموو دەڤەرەكە بكات، بەتایبەتیش قەزای شنگال كە 115 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە، بەڵام پاش ئەوەی سوودانی زانیاریی پێ گەیشت كە پەكەكە چەكدارەكانی خۆی و لایەنگرانی كۆ كردووەتەوە لە دەروازەی شارەكە و بەنیازن خۆپیشاندان لەبەردەم كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی بكەن، سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.
هەر بە گوێرەی ئەو ماڵپەڕە کە پەرلەمانتارێکی عێراقی بەناوی مەحما خەلیل قسەی بۆ کردون، دەڵێت: دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان لەبارەی دۆخی شنگال بەهەڵەدا بردووە و ئەوەیان پێ نەگوتووە كە پەكەكە و چەكدارەكانی بە تەواوی خۆیان بەسەر شارەكەدا سەپاندووە. بۆیە داوای لە سوودانی كردووە، بگەڕێتەوە شنگال و راستیی دۆخی ئەو دەڤەرە بە چاوی خۆی ببینێت.