
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/7، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەیەکی کۆبونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران باس لە دیاردەکانی سیم کارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە کران.
هەر لە کۆبونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون وگرفت و بەربەستەکان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتیان لەمبارەیەوە کرد و ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
لە کۆتایشدا ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپارد کە بەردەوام بن لە رێكکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی و پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان.