
لە بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە پرۆژەیەکی گرنگی ستراتیژیی دەکات کە پرۆژەکە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین جێبەجێ دەکرێت.
ئەمرۆ دووشەممە ١٢/٦/٢٠٢٣ فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، بە گوژمەی زیاتر لە ١٢ ملیار دینار تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییانەوە.
راشیگەیاند: پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، کە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، دەبێتە درێژترین پردی ناوچەکە و کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوامە، سەبارەت بە کارکردن و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت: “ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت شۆفێران و هاووڵاتییانەوە”.
هیوا عەبدوڵڵا، ئەندازیاری پرۆژەکە گوتی: “پرۆژەکە، یەکێکە لە پرۆژە بەردەوام و ستراتیژییەکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەویش یەکەمجارە پرۆژەیەکی لەم شێوەیە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت”. تاوەکوو ئێستا ٦٧٪ـی پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە و کارکردنیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا، بەردەوامە.
هیمداد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، لەبارەی پێکهاتەی پردەکەوە گوتی: “درێژیی پردەکە ٤٠٨ مەترە و بەرزییەکەشی ٢١ مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێک هاتووە، پانیی هەر ئاراستەیەک ٥ مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی پایەڵەکانی پردەکە ١٢ مەتر لەژێر زەوییەوەن”. گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە، ١٢ ملیار و ٤١٦ ملیۆن دینارە و پێشتر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەکەی دانراوە.