
بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ئەژی ئەمین پەیامێکی دژی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوکردەوە و بە خیانەتکار ناویانی برد.
ئەژی ئەمین بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، لە بڵاوکراوەیەکدا زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر یەکێتی و سەرکردەکانی یەکێتی، دەلێت: ئومێد دەکەم لەژێرناوی جیاکردنەوەى بودجە یان پشکى پارێزگادا، چیتر بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەمان نەکرێنە قوربانى بەرژەوەندى تەسکى حزبى.
دەشلێت: “ئیدانەى هەر هەوڵێک بکەم بۆ پەلکێشکردنى دامودەزگاى هەواڵگرى و ئەمنی بێگانە بۆناو خاکى هەرێمى کوردستان. هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و کاتی دیکەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەکانیاندا شەهیدکرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاکی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد.”
دەقی پەیامەکەی ئەژی ئەمین:
بەبۆنەی جەژنى قوربانی پیرۆزەوە پیرۆزبایى لە سەرجەم حاجیانی ماڵی خوا و موسڵمانانى جیهان و کوردستان بەتایبەت دەکەم. نزادەکەین خواى گەورە حەجى حاجیانمان قبووڵ بکات.
لەم بۆنەیەدا، ئومێد دەکەم لەژێرناوی جیاکردنەوەى بودجە یان پشکى پارێزگادا، چیتر بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەمان نەکرێنە قوربانى بەرژەوەندى تەسکى حزبى. داوا دەکەم سەرکردایەتی سیاسی کورد ژیرانەتر و باشتر مامەڵە بکات لەسەر ئەم بابەتە، هەنگاوی لەمشێوەیە لەمێژوودا وەکو خیانەتێک بەناوچاوانی داڕێژەرانی پیلانێکی لەمشێوەیە دەنووسرێتەوە. ئەم پیلانە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماکانی دامەزراندنی یەکێتی لە مافی چارەی خۆنووسین و هەرهەنگاوێکى لەمشێوەیە سەروەرى نەتەوەکەمان دەخاتەژێر مەترسییەوە. پشتیوانی داگیرکارانی کوردستان لەژوورە تاریکەکاندا لەبەرخاتری چاوی کاڵمان نیە، بەڵکو بۆلەباربردنی ئەم قەوارەیە کە هەمیشە هیوایەک بووە بۆ سەربەخۆیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە.
هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێت ئیدانەى هەر هەوڵێک بکەم بۆ پەلکێشکردنى دامودەزگاى هەواڵگرى و ئەمنی بێگانە بۆناو خاکى هەرێمى کوردستان. هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و کاتی دیکەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەکانیاندا شەهیدکرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاکی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد. هەمان ئەو هێزە ئەمنیانە هەزاران کادیری سوننە و ئاینزا و نەتەوەکانی دیکەیان زیندانیکرد، بەئیستیغلالکردنی یاسای تیرۆر و دوور لە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ. هەربۆیەشە هەر هەوڵێکى نەزۆکى لەمشێوەیە سڕینەوەى خەبات و قوربانیدانى شەهیدان و پێشمەرگەکانى کوردستانە بۆ سەربەخۆیی گەلەکەمان و پاراستنی مافی مرۆڤ.
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت
ئەژی ئەمین ، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری