
ئامانجی پارتی لە کردنەوەی بارەگاکانی ئەوەیە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات، کە بڕیارە مانگی ۱۲ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی هەندێ بارەگایەتی لە هەردوو شاری کەرکوک و موسل، کە ئەمەش ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو بارەگاکانی.
پارتی لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەشدارە و تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەبوو. ئێستاش جێگری پارێزگا و چەند پۆستێکی هەیە، لەئیستاشدا ئەنجومەنی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای نۆژەن کردووەتەوە و دوا ئامادەکاری کردووە بۆ گەڕانەوەی لق و ناوچەکانی بۆ شاری موسڵ و دەوروبەری. بڕیارە بەم نزیکانە بارەگانی بکاتەوە.
بەڵام لە پارێزگای کەرکوک لە دوای کشانەوەی بارەگاکانی لە سەرجەم پۆستەکان کشاوەتەوە، لە ئیستاشدا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی چەند بارەگایەکی ناوچەیە و بڕیارە بەم نزیکانە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی ”کەرکوک- گەرمیان”، کە ئێستا فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی تێدایە ڕادەستی پارتی بکرێتەوە.
لە ئێستادا پارتی تەنها نوسنگەیەکی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە کەرکوک هەیە. هەروەها لە ناحیەی قەرەهەنجیر بارەگای ناوچەی هەیە.



