
دوای ٥٠٠ رۆژ ئەو جەنگە کە بە فەرمانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەستی پێ کرد، بەتوندی بەردەوامە بەتایبەتی لە ناوچەی دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
ڤلادیمیر پوتین بەیانی رۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ لە رێگەی تەلەڤیزیۆنەوە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە ئۆکراینا راگەیاند، لە کاتێکدا ئەمرۆ دەبێتە ٥٠٠ رۆژ بەسەر ئەو جەنگەی دژبە ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە، رووسیا لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هێرشەکانی بۆسەر ئەو وڵاتە زیاد کردووە، هاوکات بە یاخیبوونی جەنگاوەرە بەکرێگیراوە رووسەکان دژبە حکوومەتی مۆسکۆ، ململانێیەکی ناوخۆیی خوێناوی سەریهەڵدا.
سەرۆکی رووسیا باسی لە هۆکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەناو ئیدارەی جوداخواز داوای هاوکاری سەربازیی لە رووسیا کردووە و گوتی: ”ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستنی ئەو کەسانەیە کە هەشت ساڵە لەلایەن رژێمی کیێڤ-ەوە رووبەڕووی جینۆساید و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە. هەوڵ دەدەین ئەوانەی تاوانی خوێناوییان دژبە هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە بە هاووڵاتییانی فیدراسیۆنی رووسیاشەوە، رووبەڕووی دادگا بکەینەوە و ئۆکراینا لە نازیزم و میلیتاریزم داماڵین”.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا لانیکەم هەشت هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٣ هەزار هاووڵاتیش برینداربوون.
لە ماوەی جەنگەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا ١١ پاکێجی سزای بەسەر رووسیادا سەپاند و بڕیاری دا زیاتر لە هەزار کەس و زیاتر لە ٢٠٠ دامەزراوە سزا بدات.
لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا زیاتر لە هەزار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رووسیایان بەجێهێشت و بایکۆت یان چالاکییەکانیان سنووردار کرد.



