
د.کازم فاروق ڕایگەیاند: ئەو كەسەی هۆكاری نەخۆشكەوتنەكەیەتی، شڵەژاوە و هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە خەڵك چاویان لەسەر نەبێ كاتێك نهێنییەكان ئاشكرا دەكات.
درەنگانی شەوی چوارشەمە ١٩/٧/٢٠٢٣ د. كازم فاروق لە دیدارێكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوكرایەوە، بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی تۆمەتبار كرد بەوەی بووەتە هۆكاری نەخۆشبوونەكەی و دووپاتیشی كردەوە كە ئەو كەسەی هۆكاری نەخۆشكەوتنەكەیەتی، شڵەژاوە و هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە خەڵك چاویان لەسەر نەبێ كاتێك نهێنییەكان ئاشكرا دەكات.
پەرلەمانتارەكەی پێشووی نەوەی نوێ دووپاتیشی كردەوە كە بە ئاشكرابوونی ئەو نهێنییانە، دەستی رەشی ئەو كەسە دەردەكەوێ كە خۆی بە فریادڕەسی خەڵك دەناسێنێ. دەشڵێ بەم زووانە نەشتەرگەرییەكەی بۆ دەكرێت و هەموو بەڵگەیەكی نەخۆشییەكەی بڵاو دەكاتەوە.
د. كازم فاروق ئاماژەش بەوە دەكات كە ئەوانەی دەڵێن نەخۆشیی ئەو كێشەی خەڵك نییە، ئەوا نایانەوێت خەڵك چاویان بكەوێتە سەر راستییەكان، چونكە چاك دەزانن نهێنیی گەورەیان لەسەر ئاشكرا دەكات و ئەوەی دەیانویست لەگەڵ نەخۆشكەوتنی ئەودا بچێتە ژێر خاكەوە، خەڵك دەیبیستێ و ئاشكرا دەبێت.



