
جووتیار عادل: سبەی لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێککەوتن و پێویستە بودجەی هەرێم بنێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە 22ـی 7ی 2023، جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی، هەفتەی رابردوو هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەو گفتوگۆیانەدا هەنگاوی باش نراوە و، چەند بابەتێکیش گفتوگۆکران. بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ئەو پابەندبوون و مافانەی لەلایەن هەردوولا هەیە، گفتوگۆ کران.
جووتیار عادل باسی کرد، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیرکراون. لەماوەی ئەم کابینەیەدا شاندی هەرێمی کوردستان دەیان جار سەردانی بەغدای کردووە و ئەم بابەتانەش بە ئاسانی بەدەستنەهێندراون و سەدا 95ـی تەواوبووە و بەشێکی کەمی ماوە. لەو بڕوایەدام ئەگەر حکومەتی عێراقی بە باشی بێتە پێشەوە و بەپێی ئەو یاسا و دەستوورەی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە ئەنجامێکی هاوبەش، لە بەرژەوەندی هەردوولابێت، بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.