وەزارەتی بەرگری روسیا دەڵێت: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24/7/2023، دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئۆکرانی لە مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئەلیکترۆنی تێکشکێنران و هیچ قوربانییەک نییە.”
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوبوونەتەوە کە پەنجەرەی ماڵ و دووکانەکانی نزیک تەقینەوەکە شکاون. ئاژانسی تاس رایگەیاندووە، پێدەچێت هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرابێت، هێزە ئەمنییەکانی سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن.
وەزارەتی بەرگری رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و تیایدا هاتووە: “بەرەبەیانی 24ی 7ی 2023، هەوڵێکی رژێمی کیێڤ بۆ ئەنجامدانی هێرش بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنەکانی مۆسکۆ پوچەڵکرایەوە، کە دوو فڕۆکە بێفرۆکەوانەکە لە مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئەلیکترۆنی تێکشکێنران و هیچ قوربانییەک نییە.
هەروەها سێرگی سەبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە پەیامێکدا نوسیوویەتی: نزیکەی کاتژمێر چواری بەیانی، لێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر دوو باڵەخانەی پایتەخت تۆمارکراوە، باڵەخانەکان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان نییە.
ئاماژەی بەوەشداوە: “هیچ زیانی گیانی نەبووە، سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە کاردەکەن”.