کوردستانگرنگ

پەرلەمانتارێکی گۆڕان باس لە قاچاخچێتییەکانی سنوری سلێمانی دەکات

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان: “بەڵگەم لایە هەفتانە 600 ملیۆن دۆلار لە سلێمانییەوە بە قاچاخ براوەتە دەرەوە”.

دابان محەمەد ئەندامێکی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان: ئاشكرای دەكات، هەفتانە لە سلێمانییەوە 600 ملیۆن دۆلار بە قاچاخ بردراوەتە دەرەوە و لەم دواییانە زێڕیشیان بەقاچاخ بردووەتە دەرەوە. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەهۆی ئەم قاچاخچێتییەوە چەندان جار ئەمریكییەكان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرانی یەكێتی كۆ بوونەتەوە.

هەر پێوەند بەم پرسە، دابان محەمەد، رایگەیاند: ”ئەم بابەتە دەمێکە هەیە و نوێ نییە، دوو سێ ساڵە هەیە، واتا شتەکە بە پرۆسێسە، سەرەتا گواستنەوەی دۆلار بە فڕۆکە درێژەی کێشا، دواتر بردنە دەرەوەی دۆلار بە شێوەی نهێنی، ئێستا کار گەیشتووە بەم کارتە، ئەم بابەتە بە شەو و ڕۆژێک سەری هەڵنەداوە.“

ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”سەرەتای ئەم کارە بە بردنەدەرەوەی دۆلار بە شێوەی قاچاخ و فڕۆكەی تایبەت دەستی پێکردووە، ئەوکات هەفتانە 500 بۆ 600 ملیۆن دۆلار دەبرایە دەرەوە، هەر بەو هۆیەوە بوو بردنەدەرەوەی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان راگیرا و قەدەغە کرا، چونکە ئەمرکییەکان چاودێریی پرۆسەكە دەکەن، لەبەر ئەوەی بردنە دەرەوەی دۆلارە بۆ وڵاتانی دەوروبەرە.“

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە روو کە دوای قەدەغەکردنی بردنە دەرەوەی دۆلار لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە، پرۆسەی دووەم بە ناوی شتومەک کڕین لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت دوبەی دەستی پێکرد، گوتیشی: ”دەڕۆشتن لەوێ لەگەڵ کۆمپانیایەک رێککەوتنیان دەکرد بۆ هەموو كەرەستەیەك، کاغەزێکیان دەهێنا و پەسەندیان دەکرد و لێرە مۆری هێنانەناوەوەیان لە خاڵە سنوورییەکان لێ دەدا گوایە ئەم کاڵایە داخڵ بووە، ئیتر بەبێ ئەوەی کاڵاکە بوونی هەبێت و كەرەستەكان هاتبن، واتە تەنیا بەو کاغەزە بە ملیاران دۆلاریان دەبردە دەرەوە، رەسید و کاغەزەکەیان دەبرد و دۆلارەکەیان پێ دەگواستەوە، بەهۆی ئەم شێوازەش لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی ئەمریکا و حکوومەتی عێراق کۆ بوونەوە و ئەم شێوازەیان راگرت.“

دابان محەمەد باسی لەوەش كرد كە ”شێوازێکی دیکە لە رێگای بانکەکانەوەیە، ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێکرد، کە حکوومەتی عێراق بڕێك پارەی دانابوو بۆ ئەو هاووڵاتیانەی گەشت دەکەن، لە بانکەکان ئەمە زۆر دەکرا و دواتر ئەویش رێگریی لێ کرا، بۆیە دوا شت کە ماوەی سێ بۆ چوار مانگە دەستی پێ کردووە ئەم بابەتی کارتەیە، کە چەند شێوەیەکی هەیە، یەک لە شێوەکان ئەوەیە کە بانکەکان خۆیان تەحەکومی پێوە دەکەن، بە نموونە کارتی هاووڵاتییەكە کە کاری پێناکات و لە گیرفانیەتی، بەڵام تەحەکومی پارە لە رێگەی ئەم کارتەوە دەکرێت. بەشێکی زۆری کارتەکان بلۆک کران و بەشێک لەو بانکانەش سزا دران، ئەم شێوازە نوێیەش کە دواجار هاووڵاتییەکە بە رەزامەندیی خۆی کارتێکی بانکیی بۆ دەردەکەن و لە هەندێک شوێن 50 هەزار، یان 100 هەزار یان زۆرترینیان 200 هەزاری پێدەدەن، ئەم پارەیە کە هاووڵاتییەكە وەریدەگرێت، کارتەکە رادەستی ئەوان دەکاتەوە، ئەم هاووڵاتییەش نازانێ چەند بڕە پارە لەسەر حیسابەکەی رەوانەی وڵاتانی دیکە دەکرێت و سپی دەکرێتەوە، واتا بە شێوەی قاچاخ دۆلار بە ناوی ئەوەوە دەبرێتە دەرەوە، چونکە ئەکاونت و رەسیدی بەناو دەکرێتەوە، ئەوەی 200 هەزاری وەرگرتبێت رەنگە 2 هەزار دۆلار یان 3 هەزار دۆلار یان 4 هەزار دۆلار باج هاتبێتە سەری، چونکە ئەو پارەی لەسەر کارتە بانکییەکانی ئەم هاووڵاتیانە دەبرێنە دەرەوە، بڕی گەورەن.“

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردەوە: ”ئەم کارە وای کردووە کە دزەکردن و بەقاچاخبردنی پارە هەر بەردەوام بێت، نرخی دۆلاریش نەتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێت، ئەگەر حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی نەکەن، ئەوا ئەمریکا سزای زیاتر دەدات و قسە هەیە کە بانکی ناوەندیی عێراقیش سزا بدات، لەم ناوچەیەش دۆلاری زۆر دەبرێتە دەرەوە، بەڵگەم لایە کە لە هەفتەیەک 600 ملیۆن دۆلار براوەتە دەرەوە و بۆ ئێران نێردراوە لە رێگەی فڕۆكەی تایبەتەوە، لەم ماوانەی دواییشدا تەنیا دۆلار نا، بەڵکوو زێڕیش دەبرایە دەرەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکییەکان چەندان جار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرانی یەکێتی کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.“

لە كۆتاییشدا ئەوەی دركاند كە ”ئەمریکییەکان لەگەڵ بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە هەولێریش کۆ بوونەوە بۆ راگرتنی ئەو بەقاچاخبردنەی دۆلار لە سنووری سلێمانی، چونکە قاچاخبردنی دۆلار لێرە زۆر زیاتر بووە.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button