
ئاری ههرسین، كادیری پێشكهوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاند، هەر سەرکەوتنێک لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رووبدات، واتا سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دهشڵێت: “تاکە دەمڕاستی شەرعی بۆ هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا مەسرور بارزانییە”.
ئاری هەرسین، رایگهیاند: “تاکە دەمڕاستی شەرعی بۆ هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە و هەر سەرکەوتنێکیش لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا رووبدات بۆ دیپلۆماسییەتی جەنابیان دەگەڕێتەوە”.
هاوکات راشیگەیاند، هەرکەسێکی دیکە کە ئەندامێکی حزبە و بۆخۆی لابەلا چێتە بەغدا برنج و شلەیەک لەگەڵ بەرپرسێک دەخوات لەوێدا، ئەمە نابێتە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەسە راسپێردراوە بچێت بۆ ئەوێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێکبدات و تووشی کێشەی بکات.
ئاماژەی بەوەدا، کاری سەرۆکی حزب نییە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات و ناشکرێت خۆی بکاتە نوێنەری خەڵکی کوردستان.
ئاری ههرسین، باسی لەوەشکرد، “بەشێک لە لایەنەکان پێیانوایە هەرێمی کوردستان لە رێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا بەرپرسیارە، بەڵام بینیمان هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کرد، بەڵام ئەوە بەغدایە دەیەوێت رێکنەکەون لەگەڵ هەرێم و مووچە دوابخەن”.
لەبارەی بارزانییەوە، ئاری هەرسین، وتی: “هیچ کەسێک لە کوردستان پێگەی وەک سەرۆک بارزانی نییە، شاندەکانی وڵاتانی جیهان کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکەمجار سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی کەسێکی کاریزمایە و پێگەیەکی بەرزی هەیە، هەموو جیهان دەزانن سەرۆک بارزانی مەرجەعی باڵای کوردە”.
ئەوەشی روونکردەوە، “ژمارەیەک لایەن هەوڵی تێکدانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن، هەروەها خەڵک هۆشیارە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەگەر مووچە لە بەغداشەوە بێت دەستکەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.
رۆژی چوارشەممە 26ـی تەمموزی 2023، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا.
کوردستان 24



