کوردستانگرنگ

مەسرور بارزانی: “پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت”

ئەمرۆ پێنجشەممە ٣/٨/٢٠٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەیادی نۆ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران.

لەم یادە خەمگینەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە ، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.

دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.

بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/8/3

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button