کوردستانگرنگوتار

سوودانی: لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێك كەوتووین نەك ھەرێمی كەمال ئاغا

وتار: جەمال عەبدوڵلا

ڕۆژێك پێش كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، واتە دووشەممە 31 – 7 – 2023 و نزیكەی 24 سەعات دوای ئەوەش، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی و دەوروبەرەكانیان پڕ كرد لە وێنەی سەردانی خۆیان بۆ لای سوودانی، وێنەكەش بە شێوەیەكە كە 8 ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دابەش بوون بەسەر دوو گرووپی چوار كەسیدا و ڕاست و چەپیان لە سوودانی گرتووە، چواریان لای ڕاست و چواریان لای چەپی سوودانی وەستاون، واتە سوودانییان خستووەتە ناوەڕاستی خۆیان، بەڵام ھەرێمی كەمال ئاغای سەرۆكی فراكسیۆن یەكەم كەسی لای ڕاستی سوودانیە!

جا ئەگەر بە پێوەری خوێندنەوەی وێنە و بە كورتی ئەو وێنەیە لە ڕووی سیاسییەوە شی بكەینەوە، دەكاتە ئەوەی چوار ئەندامی فراكسیۆنەكە لە ڕووی سیاسییەوە چەپن! چواریشیان سەر بە ڕاستن، سەبارەت بە سەرۆكی فراكسیۆنەكەش واتە (ھەرێمی كەمال ئاغا) ھەرچەندە ئەو لەڕووی حزبیەوە سەر بە حزبێكی وەك خۆیان دەڵێن سۆشیال دیموكراتن و سۆشیال دیموكراتیش لەسەر چەپی سیاسی حسابە، كەچی یەكەم كەسی لای دەستەڕاستی سوودانیە، واتە لە حزبدا چەپە و لە وێنەدا ڕاست، بەڵام ڕاستی نزیك لە ناوەڕاست!

ئەمە ئەمەیان، ئنجا ھەر پێش كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی سوودانی، ھەرێمی كەمال ئاغایان ھێنا و ئەویش ھەر دەیگوت و دەیگوتەوە كە لە سەردانیان بۆ لای سوودانی، سوودانی بەڵێنی پێ داون مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بنێرن! بەڵام یەك ڕۆژ دوای ئەم بەزم و ڕەزمەی فراكسیۆنی یەكێتی و دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی سێشەممە (1 – 8 – 2023) محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران ھات و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا و لە بەشێكی قسەكانیدا گوتی: ”لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوتنمان ھەیە و لیژنەش لە ھەردوولا پێكھێنراوە بۆ چاودێریكردنی ڕێككەوتنەكە.“ ئێ باشە ئەمە یەعنی چی؟

ئەمە یەعنی ئەوەی كە سوودانی نەك ھەر بە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و نەك ھەر بە شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی منداڵبازاڕەكە، بەڵكوو بە ھەموو ڕای گشتیی گوت، ناردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ ھەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی پێشووتری نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقە، واتە بۆ ئەم بابەتە حكوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێك كەوتووە نەك لەگەڵ ھەرێمی كەمال ئاغا!

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button