کوردستانگرنگ

پەیامی محەمەد حاجی مەحمود لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەی

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی 8ی 2023، بەئامادەبوونی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتەکە و بەرپرس و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییە، رێوڕەسمێک لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەبۆنەی 47 ساڵ دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

محەمەد حاجی مەحمود لەسەرەتای مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “ناحەزانی گەلەکەمان بە شێوە جیاجاکان هەوڵی بچووککردنەوەی جۆگرافیا، لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و بڕینی سەرچاوەی داهاتی هەرێمەکەمان دەدەن. هەوڵەکانیان بەناوی جۆر بە جۆرەوە بەردەوامن، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین، دەبێت ئاوڕێک لە رابردوو بدەنەەوە. بزانن مەلیک فەیسەڵ، عەبدولکەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف، عەبدولرەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن، کە دژی کوردبوون، چارەنووسیان بە کوێ گەیشت. ئەوانەی وەکو ئەوان بیردەکەنەوە، چارەنووسیان لە چارەنووسی ئەوان باشتر نابێت، بۆیە خەڵکی کوردستان نەک خۆی رادەست ناکات، بەڵکوو بە خوێن خاک و نیشتمانی خۆی دەپارێزێت”.

محەممەد حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، “دیموکراسی، مافی چارەنووس، مافی مرۆڤ و هەموو مافەکانی دیکە لە لوولەی تفەنگەوە دیاریدەکرێن. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ هەژموونیان بەسەر جیهاندا هەیە، تەنها لە ڕێگەی چەک و سەربازییەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. واتا لوولەی چەک سیاسەت ئاراستە دەکات، بۆیە هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هەمان بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بێت لە خەبات و تێکۆشان”.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی: “ئێستا و هەر کاتێکی دیکە ئامادەین هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکبخەین. بێجگە لەو هێزانەی ئەمڕۆ هەن، بەڵکوو هێزەکانی دیکەشمان، کە تا ئێستا رێکنەخراون،  ئامادەین لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێکیانبخەین”.

محەممەد حاجی مەحموود لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات “ماڵی کوردی و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەنەوە و هاوهەڵوێست” بن. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، “گرنگترین خاڵ لەم سەردەمەدا پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی چی دیکە ناحەزانمان تووشی گیروگرفتمان نەکەن”.

سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە،  “کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە، کورد خاوەنی ئیرادە و قودرەتە و میللەتێکی سەربەخۆوە. زمان، کەلتوور، نەریت، خاکمان و هەموو شتەکانمان لەم وڵاتەدا جیاوازە، واتا کورد نەتەوەیەکی  گرنگ و کاریگەرە”.

بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، “ئەو لایەنانەی تا ئێستا کورد پشتی پێ بەستوون، هیچ جارێک تا سەر لەگەڵ هیچ لایەنێک دا نەبوون و لەگەڵ میللەتەکەماندا نەبوون. هەر کاتێک ئەو لایەنانە دەرفەتێکیان بۆ رەخسابێت، هەوڵی لەناوبردنی کوردیان داوە و کوردیان بە زیاد زانیوە لەم وڵاتەدا.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button