
فەرماندەیەكی نزیك لە لاهوور جەنگی، هەڕەشە لە یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی دەكات و دڵنیاییان پێدەدات لەوەی ”كاتی دڵخۆشی“یان بەرەو كۆتاییە، وەك ئاماژەیەك بۆ شکستێکی گەورەی بافڵ تاڵەبانی و دارودەستەکەی لە ئایندەدا.
سالار ڕواندزی، فەرماندەی نزیك لە لاهوور جەنگی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”سێ بەشی کادیر و جەماوەری یەکێتی، بە تەواوی لەو حزبە دوور كەوتوونەتەوە، کەچی درووشمی ئیفلاسی یەکێتی ئەوەیە کەوا (دەرکراوەکان دەرکراون).“
هاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە: ”ئێمە دەرنەكراوین، بەڵکوو ئەوە ئێمەین شەرعیەت بەو خۆسەپێنییەی ئێوە نادەین.“
دەشنووسێت: ”لەوەتەی من یەکێتیم، هەرگیز بەقەد ئەمڕۆ یەکێتیم بە زەلیلی و ئیفلیجی و بە ئیفلاسی جەماوەرییەوە نەدیوە.“ بە بۆچوونی ئەو، تەنانەت لە پاش ڕووداوەكانی هەكاری و لە پاش ئەنفال و لە پاش ڕووداوەكانی 31ی ئابیش، یەكێتی بەقەد ئێستا ”زەلیل و ئیفلیج و موفلیس“ نەبووە.
لە كۆتاییشدا بە هەڕەشەوە رای گەیاندووە، پابەندبوونی ئەوان بە یەكێتییەوە ”بەندە بە گەڕانەوەی لاهوور جەنگی و هاوهەڵوێستەكانی“ و بە یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: ”دڵنیا بن کاتی دڵخۆشیی ئێوە ڕوو لە کۆتاییە و کاتی پێکەنینی ئێمەیە بە ئەقڵی ئێوە.“



