رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگهەواڵ

ڕووداوێکی هاتوچۆدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا

ڕووداوێکی هاتوچۆ لە یۆزگات، گیانلەدەستدانی ١٢ کەس و برینداربوونی ١٩ کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

لە ئاکامی وەرگەڕانی پاسێک لە قەزای سۆرگون لە پارێزگای یۆزگات، ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕووداوەکە لە نزیک چواڕیانی موکرەمین لە سەر ڕێگای سێواس-یۆزگات ڕوویدا و، پاسێک کە لە سێواسەوە دەچوو بۆ ئیستانبوڵ، بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە چووە ڕێڕەوی بەرامبەر و وەرگەڕا.

دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستیی، پۆلیس، جەندرمە و ئافاد گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

لەو ڕووداوەدا ١١ کەس لە سەرنشینانی پاسەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا، کەسێکی دیکەس کە بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان گیانی لەدەستدا.

بریندارەکانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی حکوومی قەزای سۆرگون و پارێزگای یۆزگات و، باس لەوە دەکرێت کە برینی یەکێکیان سەختە.

پارێزگاری یۆزگات، عەلی ئۆزکان، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: “بەداخەوە ڕووبەڕووی ڕووداوێکی نەخوازراو و دڵتەزێن بووینەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەکە کە سەربە کۆمپانیایەکی تایبەتەوە لە سێواسەوە بەرەو ئیستانبوڵ چووە، چووەتە ڕێڕەوی بەرامبەر و وەرگەڕاوە. بەداخەوە ژمارەیەک گیانلەدەستدان و بریندارمان هەیە. هاوڕێیانمان لە سەرەتای ڕووداوەکەوە لێرەن لەگەڵمان، ئاسایش و جەندرمە و ئافاد و هەموو یەکەکانی قائیمقامیەتمان لێرەن. تەرمی قوربانیان دەردەهێنینەوە و بریندارەکانیش دەگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەکانی یۆزگات و سۆرگون. پێمانوایە ڕووداوەکە پەیوەندی بە ناهۆشیاریەوە هەیە و دۆخەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕوون دەبێتەوە”.

دوا بە دوای بەسەرکردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە، ئۆزکان بریندارانی لە نەخۆشخانە بەسەرکردەوە هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن.

دوای دەرچوونیشی لە نەخۆشخانە ئۆزکان بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و باسی لەوە کرد کە ڕووداوەکە کاتژمێر ٢٣:٥٨ ڕوویداوە و داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ ئەو کەسانە کرد کە بەهۆی ڕووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و گوتی: ”تکایە با هەمیشە پابەندی یاساکانبین، ئێمە هەمیشە هۆشداریمان هەبووە و بەردەوامیشین، کە پێویستە یاساکان جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی ڕووداوی نەخوازراو ڕوو نەدات”.

گوتیشی: “بەپێی زانیاریی سەرەتایی پاسەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بەربەستی ناوەڕاستی شەقامەکەی تێپەڕاندووە و چووەتە ڕێڕەوی بەرامبەر و لەوێشەوە کەوتووەتە چاڵێکەوە کە نزیکەی ٣٠ مەتر قووڵە، هۆکاری سەرەکیی ناهۆشیارییە و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ڕووداوەکە باشتر ڕوون دەبێتەوە”.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button