
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پشكی یەكێتی و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێکدا باسی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دەکات.
شێخ جەعفەر لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانیەکەدا سەبارەت بەکاتی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی دەلێت: “من لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نیم، ئاگام لە بڕیارەكە نییە كە كەی كۆنگرە دەكرێ، بەڵام دەزانم یەكێتی پێویستی بە كۆنگرەیەكی ئیستسنائی هەیە. رەنگە لەم كاتەدا خەڵك باسی ئەوە بكات كە هەڵبژاردن لە بەردەمدایە كە هەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پێموایە ئەو كۆنگرەیە لە شوێنی خۆیەتی و زەروورە كە ئێمە گۆڕانكاری بكەین بۆ خزمەتی میللەت و وڵاتەكەمان.”
دەشڵێت، “ئەو ئەزموونەی هەمە، ئەگەر ئەو كۆنگرەیەش وەكوو كۆنگرەكانی پێشوو بێت، هیچ ئومێدێكی نییە، بەڵام هیوادارم ئەو كۆنگرەیە كۆنگرەیەك بێت بە تەگبیر و دیراسە بێت تاوەكوو گۆڕانێكی ڕیشەیی لە سیاسەت و پەیوەندییەكان ڕوو بدات. بەڵام پێشتر كۆنگرە بۆ كۆنگرە بووە، هەر وایشی دەبینم كە بەو نیازە بێت بتواندرێت یەكێتییەكی بەهێز بهێندرێتە گۆڕەپانەكەوە.”
هەروەها سەبارەت بە ناڕازییەکانی نێو یەکێتی و بەشداری کردنی لاهوور جەنگی كە هێشتا وەك هاوسەرۆكی یەكێتیە، شێخ جەعفەر دەلێت: “ئەوەی كە یەكێتی بێت بۆی هەیە بەشداری بكات بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی یەكێتی بێت بڕوا ناكەم، بەپێی پەیڕەو هەموو حزبێك بۆی هەیە ئەندامانی حزبەكە بەشداری لە كۆنگرەكەیدا بكەن نەك لە دەرەوەی حزب. “
وەڵامی پرسیاری دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح و كۆسرەت ڕەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و زۆرانی تر، شێخ جەعفەر وتی: “پێموانییە ئەم كۆنگرەیە بۆ دوورخستنەوەی ئەوانە بێت، ئەوانە خەڵكی ماندوون و كادیری ئەساسیی یەكێتین، بۆیە زۆر كەس هەیە مەگەر خۆی نەیەتە ناو كۆنگرەوە یاخود حەز نەكات بچێتە سەركردایەتییەوە، بەڵام كاك كۆسرەت هەتا بمێنێت بە هەر نەوعێك بێت جێگە و مەكانەتی خۆی هەیە، یان هێرۆ خان، هەرچەند ئەوانە ئەمڕۆ تەندروستییان تەواو نییە.”



