ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و سودانی ئاشکرا کرا
سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە وەزیرانی (ناوخۆ و دارایی) حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەروازە سنوورییەكان و سیاسەتی گومرگی دەكەن.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و شاندی حكومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی فیدڕاڵی كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە میانی دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، هەروەها کۆمەڵێک فایلی ئەمنی و دارایی و ئابووری تاوتوێ کرا، ئەمە جگە لەوەی باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو.
جەخت كرایەوە لەسەر گرنگی زیادکردنی هەماهەنگی نێوان ناوەند و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و یاسای پاراستنی بەرهەم، لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات و خەڵکەكەی.