“(هەژماری من) سەركەوت، ئەوانەی دژایەتییان دەكرد دان بە شكستی خۆیاندا بنێن”
مەریوان قەرەنی- جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:
سەرۆكی دادگای فیدراڵیی عێراق لە نوسراوەكەیدا جەخت دەكاتەوە كە سەرجەم ئەو بانكانەی مۆڵەتیان لە بانكی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، بۆیان هەیە موچەی موچەخۆران بەبانكی بكەن.
لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەو بانكانەی نێو (هەژماری من) لە بانكی ناوەندیی عێراقدا مۆڵەتیان هەیەو لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا موچەیان بە بانكی كردوە، بۆیە نوسراوەكەی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، جەختكردنەوەیەكی ڕاشكاوانەیە لە یاساییبوونی كارەكانی پرۆژەی (هەژماری من).
ئەم نوسراوەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی، خاڵی كۆتایی لەسەر بابەتەكە داناو (هەژماری من) سەركەوت، هەموو ئەوانەش شكستیان هێنا كە دەیانویست متمانەی موچەخۆرانی كوردستان بە پرۆژەیەكی گرنگی وەك (هەژماری من) لەق بكەن.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ موچەخۆرانی بەڕێزی كوردستان راستگۆ بووین و راشكاوانە گوتوومانە كە جیاوازی لەنێوان (هەژماری من و تەوتین)دا نییەو ئەو بانكانەی كە لە هەژماری مندا موچە بەبانكی دەكەن، هەمان ئەو بانكانەن كە لە عێراقیشدا موچە بەبانكی دەكەن و لەوێ ناویان ناوە تەوتین و لە هەرێمی كوردستان پرۆژەكە ناوی (هەژماری من)ە.
داوا لە سەرجەم ئەوانە دەكەین كە دژایەتیی پرۆژەكەیان دەكرد، دان بە شكستی خۆیان و سەركەوتنی (هەژماری من)دا بنێن.