وتار

ئەم میللەتە تاوانی چییە، لە هەولێر دووکەڵ بیکوژێ و لە سلێمانییش کۆماندۆ…

بارزانی علی حەمە

پاڵاوتگەکان یاسایی بن یان نایاسایی، مەسەلەیەک نییە، بەڵکو دوکەڵ و ژەهری هەردووکیان نایاساییە. دەکرێت بە حەفتەیەک مۆڵەتی فەڕمی بدرێت بە هەموویان و لەم ڕەخنەیەش قوتار بن. ئێ ئەمە چی لە مەوزوع دەگۆڕێت؟ هەر ئەوەی هەندێکیان بە نایاسایی تووشی شێرپەنجەمان دەکەن و هەندێکیشیان بە یاسایی تووشمان دەکەن!

وەزیفەی دەوڵەت و حوکمڕانییە، هەموو نایاساییەکان دابخات و یاساییەکانیش بەزەبری هێز ناچار بکات فیلتەری ستاندارد دابنێن و هیچ بڕە ژەهر و دوکەڵێک نەڕژێننە هەواوە!

ئەم وێنەیە ئاسمانی هەولێرە، لە هەر گۆشەیەکییەوە سەیری بکەی، دووکەڵ و تارماییە. نەک هەر ئەستێرە، تەنانەت فڕۆکەش بە ئاسمانییەوە دیار نییە و تەنیا دەنگی دێت.

خۆ گەر تەندروستیش ڕەچاو نەکرێت، لە ڕووی ئەمنی قەومییەوە مەترسیدارە، هەر ئێستا هەزار درۆنی بۆمبهەڵگر بێنە ئاسمانی هەولێرەوە، دووسەد مەتر بەرز ببنەوە نابینرێن!

شارێک نە یۆرانیۆم دەپیتێنێ و نە کارگەی چەکسازی و ماشێنسازی هەیە، بۆ دەهێڵن ئاوا بخنکێت؟!

ڕاستە کاک ئومێد خۆشناو وتوویەتی دایدەخەین، بەڵام ئەمە ئەگەر پاڵپشتیی تەواوەتی نەکرێ و دەستکراوە نەکرێ، لە قودرەتی ئەودا نییە، قودرەت و وەزیفەی ڕاستەوخۆی کاک مەسروورە، ئەو موهتەمە بە ژینگە و چەندین جاریش بەشداریی کۆنفرانس و کۆڕ و گفتوگۆی ناوخۆیی و جیهانیی کردووە لەمەڕ ژینگە، پێم سەیرە تەئخیر بوو لە بڕیاردان. دەی بۆ لە سبەینێوە؟ دەبوو ئەمشەو هەموویان بە یاسایی و نایاساییەوە داخرابان!

مۆلیدەی گەڕەکەکانیش ناچار بکەن فیلتەر بۆ دوکەڵکێشەکانیان دابنێن، کەیفی خۆیانە دەریناهێنێت بۆیان، ئێمەش دەری ناهێنێت بۆمان مانگانە دەرزییەکی کیمیایی لە نانەکەلی و هیوا بە هەزار دۆلار بکڕین!

وێنەکەش بە موبایلی خۆم ئەم ئێوارەیە گرتوومە و پێنجسەد مەتر ئەولاتری خۆتت لێ دیار نییە. هەولێرە، دەبوو شەنگەهای چین و مۆمبای هندستان بووایە! کاک مەسروور دەتوانێت بەزوویی مێژوو بۆخۆی تۆمار بکات…

ئەم میللەتە تاوانی چییە، لە هەولێر دووکەڵ بیکوژێ و لە سلێمانییش کۆماندۆ…

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button