خانەقین لەبەردەم هەڕشەی تەعریبدایە
هەڵۆ محەممەد
لە مێژەوە دەگوترێت «ئاو و ئاوەدانی» خانەقینیش بەهۆی بوونی ئاوی ئەڵوەنەوە مرۆڤی لێنەبڕاوە، هەمیشە ئاوەدان بووە ساڵی ٦٣٥ زاینی خانەقین لە شەڕی نێوان ساسانی و موسوڵمانەکاندا بەتەواوی روخاوەو تەعریب کراوە، ئەمە دوای ئەوەی ١٦ ساڵ کوردی خانەقین ڕووبەڕوی داگیرکاری بوویەوە، کەواتە ئەم شارە کوردییە ساردی و گەرمی و هەوراز و نشێوی زۆری دیوە.
لەم ساڵانەی دواییشدا چەند پارچە شوێنەوارێک دۆزرانەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٦ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە پاڵ هەموو ئەوانەشدا ئەگەر نەتەوەکانی دیکە پایەیەک بووبن لە قەڵای خانەقین، کورد بەتەنها خودی قەڵاکە بووە. پێشتر لە خانەقین ( کورد، عەرەب، تورکمان، جوو، مەسیحی، سابیئی و مەندائی ) پێکەوە ژیاون؛ لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی ١٩٢١ ەوە، هەرجارە و بە شێوەیەک خانەقین کەوتۆتە بەر مەترسی. ساڵی ١٩٢٨ لە سەردەمی پاشایەتیدا خانەقین پرۆسەی تەعریب بەرۆکی پێگرتووە، خراپترین قۆناغی تەعریب لە خانەقین لە دوای هاتنە سەر حوکمی بەعسییەکان بوو. کە لە ١٩٦٣ وە دەست پێدەکات. لە ساڵانی حوکمی ڕژێمی بەعسدا، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پێکھاتەی دانیشتووانەکەیدا ھات، کە بە پرۆسەی تەعریب ناسراوە. کوردی ڕەسەنی خەڵکی شارەکە بەزۆر دەرکران و دوورخرانەوە بۆ باشووری عێراق، عەرەبی ئەوێ لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران. دەستکرا بە ڕووخاندنی دێھاتەکانی خانەقی، وەکو: بانمیل، مەلا عەزیز، قولە یەھودی و پێوکەونەیکەنە و … چەندین دیھاتی دیکە. ڕووخاندنی پاڵاوگەی نەوتی خانەقین، کە بە پاڵاوگەی ئەڵوەند ناسرابوو، هەروەها گواستنەوەی کرێکارەکانی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، درێژە پێدەری پرۆسەی تەعریب بووە، دروستکردنی چەندین گەڕەک بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە خانەقی، بۆ نموونە: گەڕەکی (شعلة) لە ئەرکەوازی، (٧ نيسان) لە کارێز، (الاشتراکية) لە مەڵەکشای، (آبو عبيدة ابن الجراح) لە عالیاوەی کوێخا زۆراب، (التآميم) لە تۆڵەفرۆش، (الشيباني) لە یوسف بەگ کە ھەر گەڕەکێکی لە (١٠٠–١٥٠) خانوو پێکھاتبوو.
تەعریب بە درێژای ٣٥ ساڵ ئاگرێکی بەتین بوو، بەڵام نەیتوانی کوردی خانەقین بسڕێتەوە. ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەوکاتەی بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی حزبەکان لە سەر دیواری ماڵەکانی کەرکوک، دووز خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، دەیاننووسی گیراوە بۆ کاک فڵان، لێرە لە خانەقین مەلا بەختیار هەموو عەرەبە هاوردەکانی کۆکردوە و بە ڕێزەوە بەڕێیکردنەوە بۆ ئەو جێگاییەی لێیەوە هاتوون، تەنانەت رێگاشی نەدا ماڵ و موڵکیان داگیر بکرێت، جگە لەو عەرەبانە نەبێت، کە پێشتر لە پرۆسەی تەعریبدا، ماڵی کوردیان داگیر کردووە. رۆژ هات و ساڵ رۆييشت، خوێندنی کوردی بە هێز کرا، ناوەندی کەلتووری مەعریفی کرانەوە، زانکۆی خانەقین کرایەوە، پەیمانگای مامۆستایان و بەشی هونەرە جوانەکان کرانەوە، بەڵام کە قسەت لەگەڵ خانەقینییەک دەکرد، هەستت دەکرد تەعریب چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردانی ئەم شاڕە کوردییە داناوە . ٢٢-١٢-٢٠٠٣ ئەنجومەنی شاری خانەقین دروستکرا، سەمیر نور محەممەد کرا بە سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە و ڕۆڵێکی گەورەو کاریگەریان هەبوو لەوەی ڕێگا نەدەن پرۆسەی تەعریب سەرهەڵبداتەوە. دواتر لە چوارچێوەی پرۆژەی مادەی ١٤٠ بە هاوکاری فەرمانگەی مادەی ١٤٠ هەزاران خێزانی کوردی دیکە، کە ڕاگوێزرابوون گەڕانەوە بۆ خانەقین. لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە قۆناغێکی دیکەی تەعریب لە خانەقین سەری هەڵداوە و نزیکەی ٣٠٠٠ سێ هەزار خێزان شارەکەیان جێهێشت، ئەنجومەنی شار و فەرمانگەی مادەی ١٤٠ هەڵوەشێندرایەوە. سەدان دۆنم باخ لە خانەقی لە ناوبران، عەرەبی هاوردە بەهاوکاری هێزە عێراقییەکان پشتگیری دادگا بۆ گەڕانەوەیان بۆ خانەقین. دەهێنن و بەردەوامیشی هەیە. ئێستا موڵک و خانوو زەوی دەکرێت بەناویانەوە، کارتی زانیارییان بۆ دەردەکرێت، لەو شارە گەر عەرەبیەکەت باش نەبێ کارت ناڕوات، لە نفوس، شارەوانی، قایمقامیەت، تاپۆ، کاری کوردان پەکدەخرێت، لە (کن فیکون)ێکدا، مامەڵەی عەرەب بەڕێدەخرێت، ئێستا بە ڕوونی دیارە ئەوەی کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕستی، وا دەکرێتەوە بەخوری.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ئێستا لە خانەقین سەرووی ٨٠٠ خێزانی عەرەب بوون بە خاوەن زەوی و ماڵی خۆیان و لەسەریان تاپۆکراوە، بەشێک لە زەوی سورەمەیرییەکان دراوەتەوە بە عەرەبی هاوردە، ٣٥ گوند بە هۆی نەپاراستنیانەوە لە هەڕەشەی داعش چۆڵ کراون و عەرەب زەویەکانیان دەکێڵێت، کەسیش نییە بڵێ ئەمە یاسایی نیە، بەرپرسان و کاربەدەستانی کوردیش لە هەرێم و بەغدا، لەسەر ئەم بابەتە مەترسیدارە دەنگیان لێوە نایەت. خۆ ئەگەر کار وا بڕوات و لە داهاتوودا هەڵبژرادنێکی دیکە بکرێت، ئەو کاتە بەرپرسانی کورد دەزانن بێدەنیگییان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکان چ ماڵ وێرانییەکی لە خانەقین هێناوەتە ئاراوە.