هەرێمی كوردستان؛ هیوایەك بۆ گەشەسەندنی دیموكراسی و ئازادی لە ناوچەكە
بەڕێز مەسرور بارزانی لە دەستپێكی كاركردنی خۆی وەك سەرۆكوەزیران، خوازیاری كرانەوەی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە ڕووی میدیا و ڕاگەیاندكاران بە مەبەستی بوونی شەفافیەت لە كار و پڕۆژە و ئایدیاكانیان لە خزمەت هاونیشتمانیان.
لەم ڕوانگەیەشەوە كار بۆ بەرفراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادی كراوە لە نێو هەرێمی كوردستان و حكوومەت و بەردەوام دەرگاكان واڵا بوون بە ڕووی میدیاكاران و سەرەڕای چەندین كۆبوونەوە و پانێڵ و دیبەیت، سەرۆكوەزیران خۆی هەمیشە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ میدیاكاران هەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپاردووە كە هەفتانە هاونیشتمانیانیان لە پرسە گرنگەكانی كوردستان و كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ئاگادار بكاتەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی باشتركردنی ئەم پەیوەندییانە لە نێوان میدیاكاران و گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەكان دراوە و هەر ئەمەش وای كرد كە بیر لە ڕاهێنانی زیاتریان بكرێتەوە.
وەك یەكەم دەستپێشخەری، و بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، زیاتر لە 10 گوتەبێژی وەزارەتەكانمان لە ڕێكەوتی (7/27 تاوەكو 2024/8/8) و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (IVLP، ئاڵوگۆڕی ئەمریکی، سەرکردەیی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی)، بردە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
لەو ماوەیەدا لە هەرسێ ویلایەتی واشنتۆن، جۆرجیا و مینیسۆتا، چاومان بە چەندین بەرپرسی باڵا و كەسایەتیی گرنگ و ناوەندیی ئەكادیمی كەوت وەك ” ئێرن نووتن، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا” و “نیکی سۆفتنێس ـ بەڕێوەبەری كاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا” و “ڤیدانت پاتێل، جێگری سەرۆكی گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و تیمی میدیایی و تیمی ئامادەکاریی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا” و “پاریس گڵندنینگ، حاکمی پێشووی ویلایەتی میریلاند”.
لە سەرجەم چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانماندا، بەدەر لە ئاڵوگۆڕی بیروڕای میدیایی و كولتووری، هەردەم ڕوونمان دەكردەوە كە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕی تەواوەوە ئامادەی کرانەوە و بەرەوپێشبردنی توانای کارمەندانی خۆیەتی لە بواری میدیا، بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو لە پرسی گەیاندنی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان و بەرفراوانكردنی ئازادی بەیان و دیموكراسی”.
لە دیدارە سیاسییەكانماندا “پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئەمەریکا، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئازادیی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن و دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان”، كرۆكی گفتوگۆكانمان بوون لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا و جددیەتی بەرپرسانی ئەمەریکاشمان هەست پێ دەكرد لە هیوابوون بە هەرێمی کوردستان وەك ناوچەیەكی گرنگی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گەشەسەندی ئازادی و بڵاوبوونەوەی دیموكراسی.
هەروەها وەك تیمی میدیایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیریمان لە نەبوونی بەربەست لە بەردەم میدیای ئازاد و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكان كردەوە كە ئێستا لە هەرێمەكەمان دەیان تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی ئازاد و هەزاران ماڵپەڕ و پەڕەی فەرمیی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن و هەرێمی كوردستان لە مومارەسەكردنی دیموكراسی و گەشەسەندنی ئازادی و دیپلۆماسیدا، نموونەیەكی دیاری ناوچەكەیە و هیوای لەسەر هەڵچنراوە.
سەقامگیری و پێكەوەژیانی گشت پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان، یەكێك بوو لە شانازییەكانی ئێمە لە ئەمەریكا بەو پێیەی “سەرەڕای ناسەقامگیریییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ سیاسییەكان و گرژییەكان لە وڵاتانی دراوسێ، كەچی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە بۆ نەتەوەكانی و سەرجەم ئەو هێزە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییانەی كە لە كوردستان نیشتەجێن بەتایبەت هێزەكانی هاوپەیمانان كە هاوشانی هێزی پێشمەرگە وەك سوپایەكی دامەزراوەیی و فەرمی، ڕۆڵیان لە پاراستنی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هەیە”.
پێشەوا هەورامی