بارزانیی بكەنە لێڤەگەڕ
هیوا جەمال
ئەگەرچی لە سەردەمی پێشكەوتنی تەکنەلۆژیا، هەڵبژاردن و دیموكراسیی، ئێستا كەمتر تەكەز لەسەر كەسێتیی دەكرێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئیسلامیی، كەسێتییەكان، تاوەكو ئێستا رۆڵی بەرچاویان هەن، بەتایبەت ئەم رێبەرێتی و پێشەواییە لە روی ئایینیی ئیسلام هەردەمێنێت. زۆربەی گەلانی جیهان خاوەنی دوو لێڤەگەڕ (مەرجەع)ن، یەكیان سنوری وڵاتەكەیان كە دەیانپارێزێت، دوەمیان كەسێتییەكی ئاینیی كە دواجار رێزی لێدەگرن و بۆیدەگەڕێنەوە.
پاپای ڤاتیكان بۆ زۆربەی كریستیان و شاژنی بەریتانیا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و سەید عەلی حوسەینی خامنەیی و سەید عەلی سیستانی، لەوانەن گەلەکەیان و شوێنکەوتوانیان دەتوانن لەدەوریان كۆببنەوە، تەنانەت لەنێو سوننە لەهەموو وڵاتێک موفتییەک هەیە، نەتەوەکان رابەر و گەورەیان هەیە.
لەنێو كورد، تاوەكو شێخ مەحمود، پێشەوا قازی و مەلا مستەفا هەبون رێبەریێتیی دیاربوو، بەڵام پاشان لەگەڵ هاتنی مام جەلال و كاك مەسعود، دواتر كاك نەوشیروان، كورد یەك رێبەری نەبوو، بەڵام هەرسێکیان لەمەسەلە چارەنوسسازەکان هاوڕا و کۆدەنگبون، بەتایبەت لە چەند قۆناخێکی چارەنوسسازی وەکو راپەڕین، نوسینەوەی دەستوری عیراق و پشکی کورد.
رەنگە ئەم بۆچونە رەخنەی زۆری لێبگیرێت، بەتایبەت كاتێك دەبینین گەندەڵی و خراپبەكارهێنانی دەسەڵات، دانیپێدادەنرێت لەلایەن دەسەڵاتدارەكان خۆیان، هەروەها پێویستی رۆژانەی خەڵک و ژیان و ژیاریان دەبێت چاکبکرێت، بەڵام بابەتی كۆدەنگیی نەتەوەیی جیاوازە.
ئێستا كاك مەسعود بارزانی، ئەهلیەتی ئەوەی هەیە، كورد بیخاتە پێشخۆیی و هەموان پرس و ڕای لێوەربگرن، پیاوێكە بەشی زۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕبوە، ساردی و گەرمی زۆری چەشتوە، بەرپرسیارێتی هەڵگرتوە، هەرکەس جارێک لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجامدابێت خەمخۆرییەکەی بەئاسانیی هەستپێدەکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانە، هیچكەس بێ كەموكورتیی نییە، مرۆڤ بەگشتی چاوەرێی هەڵەی لێدەکرێت، دەشێت بڕیارێكبدات لەجێی خۆی نەبێت، یان بێئەوەی مەبەستی بێت نادادی ئەنجامبدات، بەڵام ئەوانە لە مرۆڤبونی كەسەكان كەمناكەنەوە، هەروەها لە سەرکردەبون و پێشەوایەتی داینابڕن، بۆئەوەی کەمترینی ئەوانە روبدات، باشترینکار ئەوەیە کۆمەڵێک راوێژکاری ئازا و واقعی لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە کە تەنیا سەرسپاردن (ئینتیمای)ی نیشتیمانی ونەتەوەییان هەبێت.
تاوەكو تەمەنی ماوە، دەبێت کورد سود لە ئەزمون و توانای کاک مەسعود وەربگرێت، پاشان پێویست بە پیاهەڵدان و شین ناكات، زۆرن ئەوانەی تاوەكو لە ژیاندابون دژی مام جەلال و كاك نەوشیروان بون، بەڵام ئێستا باسی باشی و چاكی و سەردەمی دەسەڵاتیان دەكەن، ئێستا داندەنێن بەوەی كاری باشیانكردوە.
مرۆڤ دەتوانێت بۆ جارێك لە كینە خۆی رزگاربكات، وەكو كورد، وەكو مرۆڤێكی دور لەبەرژەوەندی كەسیی و حزبیی بیربكاتەوە، كورد لێڤەگەڕێكی هەبێت باشترە لەوەی هەركەس لەئاوازێك بخوێنێت.
هیوادارم پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كۆنگرەیەی بەنیازن گرێیبدەن، هەمان رێز و وەفا بۆ كاک مەسعود بنوێنن، ئازادیبکەن لە بەستنەوەی بە حزبەکەیان، رێگەی بدەن دەستهەڵبگرێت لەسەرۆكایەتی و ببێتە لێڤەگەڕی هەموان.
* لێڤەگەڕ: مەرجەع
سەرسپاردن: ئینتیما