وتار

یەکێتی بوون ئاسانە، هەم دەسەڵاتت هەیە و هەم ئالیک و مەسولییەت

جەماوەری یەکێتی ئەتوانن ببن بە موعارەزە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتیشیان بەجێ هشتبێ. ئەتوانن هەر لەناو یەکێتییەوە گۆڕانیش بن، بەبێ ئەوەی یەکێتی بوونەکەیان خەلەلی تێکەوێ! ئەتوانن لەگەڵ ڕەیان کلدانییش بن و هەر بە یەکێتییش مابنەوە!

بەس ئەمە بۆ جەماوەری پارتی نابێت. ئێستا پارتییەک مەسەلەن لە شتێک ناڕازی بێت، بەمە نەک نابیتە موعارەزە، بەڵکو ڕەنگە پارتی بوونەکەیشی لەدەست بدات! یان تۆ پارتییەک نابینیت هەم لە لق بێت و هەمیش سەر بە قەندیل بێت، ئەوە تەنیا لە مەڵبەند ئەیبینیت!

جا ئەوەی یەکێتی بوونی ئاسان کردووە هەر ئەمەیە کە هیچت لەسەر ناکەوێ. دەی مادام لە نێو یەکێتییەکی دەسەڵاتدارەوە موعارەزە بیت هیچت لەسەر ناکەوێ، کەواتە حەشدی شەعبیش بیت هەر لەسەرت ناکەوێ و یەک زەڕڕە لە یەکێتیبوونت ناخات. هەر بۆیە زۆربەی جەماوەری یەکێتی (پە/کە-کەیشن)، هاوکات موعارەزەشن. یانی تۆ کە پارتی بوویت، تەنیا هەر پارتیت، بەس کە یەکێتی بوویت، ئەتوانی کۆمەڵ و شوعی و زەحمەتکێشانیش بیت و هەر بە یەکێتێتیش مابیتەوە…

جا مرۆڤی نامەسئول یانی کەسێک کە هەست بە بەرپرسیارێتی نەکات، یەکێتی بوون بۆ ئەو یەکاو یەکە. نە وەزیریان هیچی لەسەر دەکەوێ و نە موعارەزەیان. نە کادریان لەسەری دەکەوێ، نە مودیر عامیان. یەکێتی بوون تەنیا واتە ناڕازیبوون لە شتەکانی پارتی، ئێستا وەزارەتی کارەبا لای یەکێتی بێت، خەڵک ڕەخنەی لە بێکارەبایی نامێنێت، وەک چۆن وەزارەتی خوێندنی باڵا لای یەکێتییە، نە زانکۆ و نە مامۆستاکانی زانکۆ خۆپیشاندان و بایکۆتیان نەکرد، تەنیا مامۆستای مەکتەب کردی، چونکە وەزارەتەکە لای پارتییە!

جا نەک هەر جەماوەر، بەختیار عەلیش بەم تیۆرەیە یەکێتییە، ئەو ئەتوانێت لە دە ساڵدا، یەک حەفتە یەکێتی بێ و سێ مانگ بێلایەن و شەش مانگ گۆڕان و ماوەیەک سەربەخۆ و پاشان بێدەنگ و بێلایەن بێت. دەی ئەمە لە پارتی بوونەوە دەست نایات، پارتی بوون تێوەگلانێکی مادامول عومرە. کە وتت پارتیم، بارەگای زێرەڤانییش بتەقێنیتەوە هەر بە موعارەزە حیساب ناکرێی، تەنیا لای پارتی پارتی نامێنیت!

ئەوجا بە برای خۆم بڵێم، یەکێتی بوون ئاسانە، هەم دەسەڵات و هەم ئالیکت هەیە و هەم مەسولیەتیشت لەسەر شان نییە و بە موعارەزە و دژە حکومەتیش حیسابیت.

بیرمە کە پارتی بارەگاکانی یەکگرتووی لە دهۆک سوتاند، بەختیار عەلی تەلەفۆنی بۆ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو کرد و وتی: من لەمڕۆوە یەکگرتووم. بەس کە یەکێتی و گۆڕان بارەگاکانی پارتییان لە سلێمانی سووتاند، تەلەفۆنی بۆ کەناڵی زاگرۆس نەدەکرد و بڵێت: من لەمڕۆوە پارتیم. چونکە گەر وابڵێت قوڕ دەچوو بەسەریدا و ئەو قسەیە وەک شایەتومان چۆن پێی دەبیت بە ئیسلام، ئاواش پێی دەبیت بە پارتی، ئەوکاتە لق بدەرە بەر ئار بیجیش، بە موعارەزە و ڕۆشنبیر حیسابت ناکەن…

ئەگەر تاقەتتان هەبوو، ماویەتی، ئەگەریش نەتان بوو:
و في الاخرة الحسنة وقنا العذاب النار…

بارزان عەلی حەمە

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button