شکستی مەدرەسەی سلێمانی
د. بەهرۆز جەعفەر
چۆن کە دەوڵەت شکست دەهێنێت لە ڕۆڵ بینینەکانی خۆی، ئیتر دیاردەی توندڕەویی، دیاردەی ئەمنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و تاوانی ئابوریی دەبێتە بابەتی ڕۆژ، مەدرەسەی سولەیمانییش (تۆ بڵیی وەک ئەوەی قوتابخانەی فرانکفۆرت وا بوبێ!) شکستی هێناوە. لەسەرەتاوە گرووپێکی ڕۆشنبیر نوێنەرایەتی مەدرەسەکەیان دەکرد؛ جیابوونەوەیان لە شۆڕشی کوردستان دا درووست کرد، بوونەتە هۆی شەڕی ناوخۆ و ڕژاندنی خوێنی سەدان هەزار تاکی کورد، دواتر بەرە-بەرە بینیمان سەرۆک و ئەندامانی ئەم مەدرەسەیە تووشی شکستی جۆراوجۆر بوون، بە ئاشکرا ددانیان بە هەڵەو شکستی خۆیاندا نا، دەیان ڕابەر و کاراکتەری سیاسییان وازیان هێنا، یان چوونە ناو بەرەی بەرانبەرەوە کە ساڵانێکی زۆر لە دژیان بوون؛ هێشتا هەر هەڵسانەوەیەک، دووبارە-بیرکردنەوەیەک، مۆدێلێکی نوێ نەهاتە کایەوە.. لە ئەمین زەگی بەگەوە هاتوینەتە سەر کێ؟ لە سێکوچکەی بابانەوە گەیشتووین بە کوێ؟ پیرەمێرد هەشتا ساڵ پێشوتر لە گۆڤاری “ژین” دا دەنوسێت؛ ئێستا ئێمە سەحافەو سەقافەمان هەیە”، ئەی ئێستا؟
یانزە ساڵ پێش ئێستا ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیەم ناونا “شکستی مەدرەسەی سلێمانی”، دەرەجە- دوو- سێکانی ناو مەدرەسەکە هانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیان دا، کە سکاڵام لە دژ تۆمار بکەن! لە کاتێکدا من باسی سولەیمانی ناکەم، خۆم لە سلێمانی دەژیم؛
ئێمەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، ڕۆژانە بەرئەنجامی ئەو شکستە دەبینین:
- ڕۆژێک کارگەی تلیاک و کاپتاگۆن ئاشکرا دەبێت، لەناوچەکەدا.
- ڕۆژێک کەبابچی دەکوژرێت، چەند رۆژی دواتر کوڕەکانی کەبابچییەکە.
- ڕۆژێک چای چی دەکوژرێت.
- ڕۆژێک قەڵا دەتەقێندرێتەوە.
- سەیری بکە؛ مرۆڤ کە خۆی بیروباوەڕ، شێوازی تێگەیشتن و سەوابیتی نەبوو، دوای بابەتی سەیروسەمەرە دەکەوێت، تەماشا بکە؛ شازادەی سعودییە و دەوڵەتەکە بەگشتی خۆی وازی لە وەهابیەت و سەلەفییەت هێناوە، سەرقاڵی شاری نیۆم و زیرەکی دەستکردو هایدرۆجینی سەوز و، کرانەوەو کڕینی تابلۆی هونەری بەناوبانگە لە نیۆرک، کەچی “یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان” خەریکی داخرانی زیاترەو بایەخ بە سەلەفییەت دەداو، بازاڕیان بۆ خۆش دەکات، مزگەوتیان بۆ فراوان دەکات “باسی مزگەوت و موسڵمانان ناکەم”، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و پەیمانگەیان هەیە، برا بچوکی ڕابەری سەلەفییەت دەکاتە پەرلەمانتار، گەورەکەیان دەکاتە ڕاگری کۆلێژ، منداڵەکانیان دادەمەزرێنێ، باوەشیان پێدا دەکەن، لەبەرانبەردا ناوەندی دیالۆگ و چاودێر و “گەلاوێژ” دادەخات!
- کوردستان یەکە و نابێت بە بەدوو؛ بەڵام ئیتر زار ڕاهاتوە؛ ئەمە خەڵکی هەولێرەو، ئەوە سلێمانی، ئەویتر بارزان و خانەقین یان چەمچەماڵییە. ئەوەندەی لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ەوە، مەلا بەختیار ی خانەقینی خزمەتی بە کەلتور، ئەدەب، شیعر، چیرۆک، ڤیستڤاڵ و کۆی کایەکانی تر لە سلێمانی کردوە، خەڵكی شارەکە خۆی نەیکردوە! من حەڤدە ساڵە مەلا بەختیار و بەنیزیکەی ٩٠٪ سەرکردەکانی ئەم ناوچەیە لە نیزیکەوە دەناسم، ئەوەی پێی گەیشتووم، ئەوەیە لە بنەڕەتدا تەنانەت سەرکردە هەرە ڕۆشنبیرەکانی پێشوو و ئێستای مەدرەسەی سولەیمانی بڕوایان بە دیالۆگ نییە؛ هەرە- ڕاقییەکەیان هاوڕێم بوو، لەبەرزترین پێگەی ڕەمزیی و سیاسیی ئەم عێراقەدا بوو، لەسەر بابەتێکی ئەوەندە بچووک تێکی دا، مرۆڤ بڕوا بە زاری ناکات شتی وا بگێڕێتەوە! ئامادەبوو دوو جار سکاڵا تۆمار بکات لەو پێگەیەدا، بمخاتە زیندان بۆ دە ڕۆژ، ئامادە نەبوو چارەکێک دیالۆگ بکات! ئەمە نیشانەی نێرجسییەت و لە بەلاش خۆ-بەهەموو شتزانینە؛ کە لەناوەڕۆکدا قەت وانییە..
- ڕۆژێک زەوی و موڵکی پەروەردەو حکومەت هەر بە زۆر دەکەن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و دەیدەن بە سەرمایەدارەکان!
- دوو ساڵ پێش ئێستا لە کەناڵەکانی خۆیانەوە، دەیانوت “فوڵان کەس فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو” .. “تەقەیان لێ دەکرد”،، ئێستا کاندیدەو داوا دەکەن دەنگ بەم کوڕە چاکە بدرێت!؟
- ئەوە یەکەمجار نییە، کە هەڵبکوترێتە سەر کەسانی وەک مەلا بەختیار! لە دوای (٢٠١٠) خوالێخۆشبوو کاک بەکری حاجی سەفەر کە لەساڵی ١٩٥٨ ەوە جگە لە کوردایەتی و ڕەنجەوەریی شتێکی دیکەی نەبوو، کەم مرۆڤی وا پاک و ماندوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا هەبوو، لە شەستەکانەوە هاوەڵی ڕەوانشاد مام جەلال بو، بیرمە دوو دەمامکدار چوون لە ماڵەوە ئیهانەیان کردو، پێیان وت؛ دەست لە سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بکێشەوە؛ وا نەبوو؟!
- شەوێک بزنسمانێک دەڕفێندرێت، ڕۆژێک هەڕەشە لە ئافرەتێک دەکرێت.
- ڕۆژێک کۆماندۆ پەلاماری ئەوی دا، شەوێک هەڵیکوتایە سەر ئەمی دی!
- ڕۆژانەو هەفتانە درۆنی تورکی خەڵک لەم ناوچەیە دەکاتە قوربانی.
- ڕۆژێک قەڵایەک دەڕوخێنن، ڕۆژێکی تر دار سنۆبەرەکان ئاگر تێ بەردەدەن و دەیکەن بە پرۆژە بۆ پیاوەکانی حیزب!
- هەریەکە بە جیا فەوجێک و کۆمپانیایەکی سەکیۆرتی هەیە.
- ڕۆژێک یەکێک لەخۆیان ڕادەپەڕێ؛ دەڵێت خەڵکی ژیانی نەماوەو، کەس بڕوامان پێ ناکات و،،،دونیایەک قسە، ڕۆژی دواتر هەر ئەوکەسە دێتەوە دەڵێت؛ ئەمجارە دەیگۆڕین و تای تەرازووەکە ڕاست دەکەینەوە (پێبکەنین، یان بگرین).
- خۆیان لەسەر تەلەفزیۆن دەڵێن؛ ئەوەی بەعس نەیتوانی بیکات، ئێمە لەم ساڵانەی دوایی کردومانە! خۆیان (هەر خۆیان) دەڵێن ئێمە لە کەرکوک واو..وای خرپمان کردوە.
قەت ڕۆژێک ئەمانەمان نەدیوە؛ کتێبێک بەدەستیانەوە بێت، لە زانکۆیەکدا بن، لەناوەندێکی پەروەردەییدا بن، مام ئاسا دەستخۆشی لە دوو ڕەخنەگر بکەن.
لەوەها فەزایەکدا، کە زانست، کە متمانە، کە کوردستانیی بوون، کە هەبوونی پرۆژەو دونیابینی هیچ نرخێکی نەبوەو، لە پەراوێزی پەرواێزەکاندایە، بێگومان ئەمە شکستە، شکستی دونیابینیە، شکستی ئەوانەیە کە حەفتا ساڵە خۆیان بە خاوەنی سولەیمانی و ناوچەکە دەزانن و، ناوچەکەش هیچ متمانەی بەوان نەماوە! لە هەڵبژاردنی پێشوودا، بە هەق نیزیکەی تەنها ٩٪ نۆ لەسەتی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەنگی پێداون، چی باشتر کراوە ئەگەر ئەمجارە ئەو ڕێژەیە زیادتر بکەن (مەگەر لەو دیوەوە فریاتان بکەون).
قورسە ها؟! هەزم ناکرێت قسەکان! زیاتر لەوە، ئیمڕۆکە هەر لە شۆفێری تاکسییەکەوە، تا دەگاتە دارتاش و فەرمانبەرێک، تا زۆرێک لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەکانی دەڤەرەکەش ئەمانە باش دەزانن (دەمێکیشە دەیزانن).
من وەک لادێییەکی گەرمیانیی، کە لە چەمچەماڵ لەدایکبووم، بەرەو دوو دەیەیە لە سلێمانی دەژیم، لەم ناوچەیە ئاسایش، خزمەتگوزارییم دەوێ، کەرتی تەندرووستی؟ هەر مەپرسە چۆنە! ناڕوا.. کاکە.. وا ناڕوا.. تۆ خۆت لە سەر تەلەفزیۆن دەڵێی “دادگاکان متمانەیان نییە!”.. ئیتر هاوڵاتیان چۆن متمانەیان پێ بکەن!
دەزانم، ئێستا وەڵامی ئەم هەموو فاکت و ئارگیۆمێنتە ئەوەیە؛ “بەخوا.. بە نەفەسی پارتییانە نوسراوە!” پێویستم بەوە نییە بۆت بسەلمێنم کوڕی چاکم یان خراپ، ئەگەر وا بیردەکەیتەوە؛ هەڵەیت! لە لای پارتییش و لە هەولێر و بادینانیش ڕێباز و مەدرەسەی بارزانی کاڵبونەوەی تەواوی پێوە دیارە، زۆرجاران ئافرەتێکی نێو کافتریاکان لە سەدان تێکۆشەر قەدری زیاترە، ئەوەندەی ئەو بەرپرسانەی لە ناو پارتی بەهۆی ڕاو-ڕووتی و هەڵەی کارەساتهێنەر ئازاری بارزان و رێبازی بارزانیان داوە، هێندە بەرانبەرەکانیان ئازاریان نەداون، لووتبەرزی و بێمنەتی لای پارتی هەیە، زۆرجاران بارزانی وەک سەرۆکێک دەبینین باسی بونیادنانەوەی کەسێتی تاکی کورد، درووستکردنی بیروباوەڕ دەکات، بەڵام دواتر ئێمە لەچەندین بواردا هەوڵی زۆر پێچەوانەی ئەمە دەبینین لەلایەن دامەزراوەو بەرپرسەکانی پارتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ڕۆژانە وێنەیەکی دی دەبینین: - لە هەولێر ڤیشتڤاڵی ڕەنگەکان هەیە، لە سولەیمانی و قەرەداخ و گەرمیان ڤیستڤاڵی خێڵەکان.
- لە هەولێر زانکۆی بەریتانی دەکرێتەوە، شەقامی سەتی و سەت و بیستی و سەتو پەنجایی هەیە، کەچی لە سولەیمانی تاسە هەیە تەمەنی دە-ساڵ دەبێت، تەنەگەیەک قیر/ خۆڵی پێویستە، کەس چاکی ناکات!
- لە سلێمانی سەدان و هەزاران دار دەسوتێت، لە هەولێر سەرقاڵی چاندنی ملیۆنەها نەمام و بونیادنانی گەورەترین پارکەکانن. سی و سێ ساڵە نەتوانیوە نەخۆشخانەیەک بۆ کەسوکاری شەهیدان لە چەمچەماڵ درووست بکەی، ئێستا هاتووی گەرەکتە بێژی چی؟
- ئەو لە پاڵ دامودەزگەو میدیا سێبەرەکان و، پەلاماردەرەکاندا، کاری لۆبی دەکات لە واشنگتۆن، لە نێوان تورکیا، ڕۆژئاوا، پەکەکە، ئێران، بەغدا، داعش، حەشد، هێزە ناوخۆییەکانی کوردستان، ئەتوار بەدەکانی ناو پارتی خۆی، لەو جیۆپۆڵەتیکە سەختەدا باڵانسەکەی هەرچۆنێکە پاراستوە! تۆ ناتوانی گفتوگۆ لەگەڵ مەلا بەختیار بکەیت.. شەش ساڵ بە سواڵ و سەدەقە گەورەترین سەنتەری توێژینەوەمان بە سێ زمان خستە سەرپێ ئێوە نەتانتوانی دەستخۆشییەک بکەن، یەک کتێبی زانستی ئێمە لە (١٣٠) دەوڵەتدا لە لایەن گەورەترین بڵاوکەرەوەی زانستی ئەم جیهانەوە بڵاوبۆیەوە، لەهەندێ لە زانکۆکانی جیهانیشدا دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن، کەس لە ئێوە نەیوت “ئافەرین”، جنێوفرۆشێک، پەیجەوانێک، تەقەکەرێک سەت جار لای ئێوە جێی دەستخۆشییە! ئازیزان (بەگشتی)؛ ئێمە یەکێکمان گەرەکە گردمان بکاتەوە، نەک تووشی تێک بەردانمان بکات، دەبێ بەدوای کۆدەکانی مەردایەتی و خۆشەویستی دا بگەڕێین، نەک کۆدەکانی شەڕە گەڕەک و شەڕە شار.. تەخوین و ڕق و هەڕەشەو ترس هیچ گەل و نیشتیمانێکی نەگەیاندوە بە کەناری ئارامی. کەس هەیە سیاسەت بکات و ئەو ڕاستییە نەزانێت کە وشەی “ئاسایش” لەبنەڕەتدا لەبەرانبەر وشەکانی “ترس، هەڕەشە” دا درووستبوە. کە ئاسایش و سەقامگیریی نەما، پێشکەوتن لەهەموو بوارەکاندا نامێنێت. ئەگەر پارتی یان یەکێتی کێبڕكێ دەکەن، پێویستە لەسەر بنەمای پرۆژەو جیهانبینی و پلانی ڕوون بێت بۆ ئایندە؛ ئەمە بەیەکێک دەکرێ یان مەعریفەی هەبێت یان ئەزموون (ئێوە خاوەنی هیچ کام لەو دوانە نین)، ناچار ئەوەیە دەبینین ڕۆژانە خەریکی قسەی سواو و بانگەشەی شتی پڕوپووچ و دەنگە-دەنگکردنن.
ئەگەرچی عەڕابەکانی مەدرەسەی سولەیمانی لە ژیاندا نەماون؛ چوونکیشە متمانە لەسیاسەتدا دەبێتە هۆی درووستبوونی سیمبول، مەدرەسەکەش متمانەو سیمبولیەتی خۆی لەدەستداوە؛ مەدرەسەی ئاژاوەو، فیتنەیی و درووبەرەکی، مەدرەسەی داگیرکردنی موڵک و ماڵ، مەدرەسەی جنێو و ناو و ناتۆرە دۆزینەوە، دەبەنگی و بێ باری و لە بەلاش خۆ بە هەموو شتزانین؛ شاری ڕۆشنبیریی؟ کامە ڕۆشنبیر؛ ڕێنیسانسی بەرپاکردوە؟ بیست ساڵ مێشکی عالەمیان برد، گوایە میدیای ئەهلی و ڕەهەندیی هەیە؛ دوایی هەریەکەیان لەباوەشی حیزب و کوتلەیەکدا دۆزرانەوە! ئەوەی پارەیان دەنارد بۆ دەرەوەی وڵات تا سایتەکان جنێو و بوختان بە هاوخەباتەکانی خۆیاندا بکەن! کامە فەرهەنگە! ئەوەیە لە “پراگ” هەیە تەمەنی بیناکانیان نۆ سەت ساڵە وەک خۆی هێشتوویانەتەوە، یان ئەمەی لە سولەیمانی هەیە؟ حەزدەکەن پێ بکەنن؟ هەژدە ساڵ پێش ئێستا بوو، کۆرییەکان هاتن بۆ سولەیمانی کە باخچەو قوتابخانە درووست بکەن، کردیان بەهەراو هاوار؛ سولەیمانی خۆی جوانەو کۆرییەکان و کۆمپانیای کۆری تێکی دەداو..تادوایی، ئێستا ئەوە پانزە ساڵە کۆرییەکان لە هەولێر خەریکی چاندن و قوتابخانەو..تادوایین.
مەدرەسەی هیچ لە بارا نەبوون، مەدرەسەی ئەوەی مێشی خۆیان دەکەن بە گامێش، مەدرەسەی پڕوپووچی و قوونبادانی بەلاش، دە با- نەمێنێ. ئەمە مەدرەسەیە؟ کەس نازانێ کێ پەیوەندی بە کوێوە هەیە!؟ ئەوە مەدرەسەیە کە ئیدارەی گشتی حیزب خۆی کردوە بە خاوەنی هەموو شتێک؛ دەست لەنانی تیری خەجێ خانم و تەڵەبات و گواستنەوەی پیتزا وەردەدات! بە چ هەقێک دەزگای ئەمنی و هێزی پێشمەرگەی حیزب لەباتی شارەوانی زەوی دابەش دەکات و داگیردەکات؟! بە چ حەقێک عەڕابەکانی مەدرەسەکەو نەوەکانیان هەموو شارەکەیان لەسەر خۆیان تاپۆکردوە! مەدرەسەیەکی وەها هەر لە ڕووی فیکریی و ئەخلاقی و تەنزیمییەوە شکستی نەهێناوە، بەڵکو لە ڕووی ئابوریشەوە بە پارەی ڕاوڕووت و ساخکردنەوەی دەرمانی ئێکسپایەرو بەنزینی خراپ و داگیرکردنی موڵکە نایابەکانی شار کادرەکانی خۆی دەژیەنێت لە بارەگاکاندا!