
سلێمانیتان لە ئەمارەتێکی خوێندەوارەوە گۆڕیوە بۆ میرنشینی جنێو!
تا ئێستا هیچ هێزێک دروست نەبووە کە بە مۆدێلێکی جیاوازی سیاسییەوە، بە شێوەیەکی ئەقلانی و تێز و تیۆرەی نوێی زانستییەوە، ململانێی ماڵی بارزانی و حوکمڕانییەکەیان بکات. هێرش و جنێو، قسەی سووک و سواو و بازاڕی، ڕەهەندی لێکچووی هەموو هێزە سیاسییەکانی تری دەرەوەی پارتی و ماڵی بارزانییە! هیچ هێزێک ئەم زەبالە سیاسییە کۆنە تاقیکراوەی تێنەپەڕاندووە.
مێژوو سەراپای هەڵدەرەوە، هیچ نیزامێکی سیاسی لەسەر ئەم هەسارەیە نادۆزیتەوە کە بە جنێو و هەڕەشە و سوکایەتی و ئیهانە ڕووخابێت. ئێوە تاکە مەخلوقن کە هێشتا دڵتان بە هەڕەشە و جنێو خۆشە تا نیزامی وڵاتی پێ بگۆڕن!
ئەم هەیەجان و جنوونەتان لە چییە؟ کوا تێزی نوێتان؟ کوا فەلسەفەتان؟ کام حوکم و ئیدارەتان؟ ئێ کابرا چێشتخانەیەکیشی بەدەستەوە بێت، هەتا لەوە سەرکەوتوو نەبووبێت، فەرعێکی تری لێ ناکاتەوە! دەی ئێوە لە حوکمی چەمچەماڵدا شکستتان هێناوە، فەرعی چی بۆ حوکمڕانییەکەتان دەکەنەوە؟ موحافیزی چی بۆ شوێنی تر دادەنێن؟! شەش مانگ جنێوتان لێ قەدەغە بکەن، ئەتەقن! سلێمانیتان لە ئەمارەتێکی خوێندەوارەوە گۆڕیوە بۆ میرنشینی جنێو!
نەوشیروان موستەفا، کۆتا قائید و چانسی خۆپیشاندان و ناڕەزای و تەنانەت (جنێو و ئیهانە)ی کۆمەڵگەی کوردی بوو. ئەگەر شتێک بە هەڕەشە و جنێو بگۆڕایە، ئەوا بە هەڕەشە و جنێوەکانی سەردەمی ئەو دەگۆڕا ! ئەگەر حکومەتی هەرێم بە خۆپیشاندان و جنێو و ئیهانە بڕوخابا، دەی بە خیتاب و خۆپیشان و جنێوەکانی سەردەمی ئەو دەڕووخا.
باشترین تەنزیم و میدیا و ڕایەڵەی پەیوەندیی دروست کردبوو، هەموو جۆرەکانی تووڕەیی و جنێودانیشی تاقیکردەوە. خۆپیشاندان بە هەموو مۆدێلەکانییەوە کرا، جنێو بە هەموو شێوازەکانییەوە درا!
تەنانەت لە شەقامەکانتاندا ڕێتان لە ئۆتۆمبێلەکان دەگرت و دەتان وت: تا جنێوێک بە ماڵی بارزانی نەدەی نایەڵین تێپەڕیت! دەی خەڵک بە دڵی ئێوە جنێویان دا! هێرشیان کرد! بەردیان هەڵدا! بارەگایان سووتاند! ئەنجام چی بوو؟ ماڵی بارزانی هەر مانەوە!
هۆکارەکەی بۆ ناپرسن؟ ئێوە مرۆڤ و مۆدێل و مەوادێکی کۆنن! لە ژێر ئاسمانی ئێوەدا (لە جنێو و ئیهانە بترازێ) هیچ شتێک تازە نییە! هێشتا هەر لە مەداری جنێو و ئیهانەدا ئەسوڕێنەوە و خەڵکی خۆتان هەڵدەپەڕێنن! هیچی تازەتان بۆ ململانێی سەردەمیانە پێ نییە! باشترین جنێودەر و موهەریج و میدیا و ماددە و مەرکەزتان بۆ ئیهانە تەرخان کردووە!
دەی ناکرێ تۆ ڕۆژێک ئاواتت ئەوە بێت ڕەسمێک لەگەڵ مەسروور بارزانی بگریت، کەچی ئەمڕۆ جەماوەرەکەت هان بدەیت و هەڵیان پەڕێنیت کە ئەو کەسەت بۆ بڕوخێنن کە ئێستاش بە ئاواتەوەی ڕەسمەکەی لەگەڵ بگریت و تەوقەی لەگەڵ بکەی!
تێناگەم ئەو خەڵکەتان بە چی خۆشحاڵ کردووە؟ بە قەولی سالم:
لە ئەوزاعی سولەیمانی ئەوانەی شاد و ئاسوودەن
لە فەرعا نوتفەیی حەیزن، لە ئەسڵا جنسی شەیتانن!
بارزان عەلی حەمە