وتار

ئەمجارە بچن كۆمسیۆنی كازاخستان بێنن

بەر لە ھەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، داواكاریی سەرەكیی ھەندێك حزب و لایەنی كوردستان ئەوە بوو كە ئیللا و بیللا ھەر دەبێت كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتیی ئەم ھەڵبژاردنە بكات چونكە ئەم كۆمسیۆنە گرەنتیی لەسەدا سەدی پاك بەڕێوەچوونی ئەم ھەڵبژاردنە دەكات.

ھەندێك حزب و لایەن سێ ژەمە كۆمسیۆنی عێراق لەسەر سفرەی نانخواردنەكانیان بوو، بەیانی نان و ماست و كۆمسیۆنی عێراقیان دەخوارد! نیوەڕۆ تەماتەی سوورەوەكراو و كۆمسیۆنی عێراقیان دەخوارد! ئێوارە برنج و بامێیان بە كۆمسیۆنی عێراقەوە دەخوارد! كەچی كە كۆمسیۆنی عێراق ھات و سەرپەرشتیی ئەم ھەڵبژاردنەی كرد و ئەنجامەكانی بە ژمارە خستە ڕوو، ھەندێك لەو حزبانە ھاواریان لێ بەرز بووەتەوە و دەڵێن:”سەرپێچی كراوە و سكاڵا لەسەر كۆمسیۆنی عێراقیش تۆمار دەكەین!“ دیسان و وەك خووی ھەمیشەییان لەم ھاوار و ھێرشەشدا دەستیان لە پارتی نەپاراستووە، گەرچی باش دەزانن دەنگ و سەنگی جەماوەری پارتی چەندە و پارتیی چی پێشكەش كردووە و خۆیان چییان كردووە!

ئنجا:
دوای ئەوەی ئەو حزبانە كۆمسیۆنی ھەرێمی كوردستانیان ڕەت كردەوە و وا ئێستاش كۆمسیۆنی عێراق ڕەت دەكەنەوە، بەڕاستی حەق وایە خەڵكی كوردستان بپرسن: ئەی باشە بۆ لەمەولاو بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئاییندەی ھەرێمی كوردستان چی دەكەن و چی بكەن باشە؟ خۆ دەبێت دوای ئەمە ئیتر بە شوێن كۆمسیۆنێكی دیكەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن، لای خۆمەوە زۆر سەرم ھێنا و سەرم برد، كۆمسیۆنی كازاخستانم ھات بە خەیاڵدا و پاساویشم ھەیە، پاساوەكانیشم بریتین لەوەی پێنج خاڵی ھاوبەش لەنێوان كوردستان و كازاخستاندا ھەیە كە بریتین لە:

1 – كوردستان و كازاخستان ھەردووكیان بەشێكن لە جیھان.
2 – لەناو جیھاندا كوردستان و كازاخستان ھەردووكیان لە ڕۆژھەڵاتدان.
3 – لەناو ڕۆژھەڵاتدا، كوردستان و كازاخستان لەناو ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدان.
4 – لەناو كیشوەرەكانی جیھاندا، كوردستان و كازاخستان لەناو كیشوەری ئاسیادان.
5 – لە كۆتایی ھەردوو وشەی كوردستان و كازاخستان چوار پیتی ھاوبەشی وەك یەك ھەن، كە بریتین لە (س، ت، ا، ن)

بۆ ئەو حزبانە وا باشترە ھەر لە ئێستاشەوە بە نووسراوی فەرمی سەرۆك وەزیرانی كازاخستان – ئولجاس بیكتینۆف – لەم بابەتە ئاگادار بكەنەوە، با بۆ مەبەستی ئاماژەپێكراوی پێشەوە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و وێنەیەكیش لەم نووسراوە بنێرن بۆ من، چونكە ئیشم پێیەتی!

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button