دوای تەوتین، تەنفیس باشە!
دوای ئەوەی بەشداریكردنی بانكی عێراق بۆ بازرگانی (تی.بی.ئای) لە پرۆژەی (هەژماری من) بەتەواوی ئەو دەستە حزبیەی سلێمانیی ئاشكرا كرد كە بۆ ھەڵخەڵەتاندن و چەواشەكردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دەستیان دابوێ و دەیانگوت: ”پڕۆژەی (ھەژماری من)ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھیچ بنەمایەكی یاسایی لە عێراق نیە!“ بۆیە لە سلێمانی و بە فەرمانی حزب ڕێگەیان لە تەواوكردنی مامەڵەی (ھەژماری من) گرتووە و بە مووچەخۆرانیان دەگوت: ”وەرنەوە بۆ تەوتین لە بانكی ڕەشید و ڕافیدەین.“ دوای ئەوەی ڕەشید و ڕافیدەینیش گوتیان: ”ئێمە لقمان لە سلێمانی نیە و ئاگاشمان لەم بەزمە نیە كە لە سلێمانی و بە ناوی ئێمەوە دەكرێت.“ هەق وایە ئەوانەی ئەو بانگەشەیەیان دەكرد، سەر بكەن بە بنی زەوییدا لە شەرمەزارییا.
كورت و پوخت دوای ئەوەی كە (تی.بی.ئای) ڕێككەوتنی خۆی لەگەڵ تیمی (ھەژماری من)ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و ھاتە ناو پرۆژەكەوە، ئیتر حەق وایە ئەوانەی لە سلێمانی ڕێگەیان لە تەواوكردنی مامەڵەی مووچەخۆران بۆ كردنەوەی ھەژماری خۆیان لە چوارچێوەی پرۆژەی (ھەژماری من)ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگرت، واز لە ھەڵمەتی چەواشەكاریی خۆیان بە ناوی تەوتین بێنن و بچن بۆ تەنفیسی خۆیان!
بۆچی؟
ئەوە لەبەر ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا ھەڵمەتی ڕاگەیاندنیان بۆ بەرگریكردن لە تەوتینی ڕەشید و ڕافیدەین و دژایەتیكردنی پڕۆژەی (ھەژماری من) بەرپرسانی باڵای حزبیی لە سلێمانی ماندوو كردووە و ئاشكرابوونی تەواوی دەستەكەشیان بەهۆی بەشداریكردنی (تی بی ئای)یەوە، ئەوەندەی دیكە خەفەتباری كردوون.
بۆیە پێشنیازیان بۆ دەكەم بۆ ئەوەی ئارام ببنەوە، بچن بۆ یەكێك لەم ڕێگەیانەی خۆتەنفیسكردن:
(وەرزشی یۆگا، یان بەشداریكردن لە چالاكی و بۆنە كۆمەڵایەتیە خۆشەكان، یان ڕۆییشتن بە پێ ڕۆژانە بۆ ماوەی یەك كاتژمێر، یان گریان بەتەنیایی و بێ ھاتوھاوار – چونكە فرمێسك ڕشتن جۆرێكە لە جۆرەكانی تەنفیس و دڵنیام بەشێكی باش لە خەمی ئاشكراكردنی تەواوی بەزمی تەوتینی پێوە دەڕوات – یان سەماكردن و گوێگرتن لە میوزیك، یان قسەكردن لەگەڵ كەسێكی حەكیم كە متمانەت پێیەتی، یان نووسینەوەی یادەوەرییە خۆشەكانی ناو ژیانی ڕابردووت!)
جەمال عەبدوڵڵا