رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

تەندروستی هەولێر: بەهۆی باشی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان توشبووانی شێرپەنجە لە شارەکانی دیکە ڕووی لە هەولێر دەکەن

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیێنێت، بەهۆی باشی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر، توشبووانی شێرپەنجە لە شارەکانی دیکە ڕووی تێدەکەن، بۆیە ژمارەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە هەولێر بەرزە.

ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەولێر تۆمارکراوە.

لەمبارەیەوە، د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لەمبارەیەوە دەڵێت: “30.4%ـی ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە دانیشتووی هەولێر نین، بەڵکو خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستانن، تەنیا 69.6%ی توشبووەکان دانیشتووی هەولێرن.

“هۆکاری تۆمارکردنی ئەم نەخۆشانە لە هەولێر بۆ باشی خزمەتگوزارییەکان و زوو تۆمارکردنیان و کارئاسانییەکان لە چارەسەرکردنیان دەگەڕێتەوە”، بەڕێوەبەری  تەندروستی گشتیی هەولێر وادەڵێت.

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی کۆی تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراق د.دلۆڤان دەڵێت: “ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق لەسەر ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە باسی دەکات، لە 50٪ـی ڕێژەکە ئەو بیانیانەن لە دەرەوە هاتوون و لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون”.

بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، ساڵی 2022 دوو هەزار و  456  تووشبووی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمارکراون، بەڵام لە ساڵی 2023 ژمارەکە بۆ سێ هەزار و 30  توشبوو بەرزبووەتەوە.

لە سلێمانی لە ساڵی 2022، دوو هەزار و 909 تووشبوو تۆمارکراون، لە ساڵی 2023 ژمارەکە بۆ دوو هەزار و 796 توشبوو دابەزیوە.

لە پارێزگای  دهۆک لە ساڵی 2022  ژمارەی تووشبووان هەزار و 222 کەس بووە و لە ساڵی 2023  ژمارەکە بۆ هەزار و 186 تووشبوو دابەزیوە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

Back to top button