ئێمە لەبەر ئەوەی بەردەوام بیر لە کێشە دەکەینەوە، خۆمان بووینەتە کێشە!
بارزان عەلی حەمە
وابزانم لە ئینجیلدا هاتووە کە «بیر لە چی بکەیتەوە دەبیتە ئەوە» جا ئێمە لەبەر ئەوەی بەردەوام بیر لە کێشە دەکەینەوە، خۆمان بووینەتە کێشە!
جا کە تۆ کێشەیەکت هەبوو، بەوە حەل نابێت کە بگەڕێیت تا بزانیت چەند کەسی تر لە دنیا و دەوروبەرتدا لەو کێشەیەیان هەیە؟! حەمەی برام بچووک بوو، لە مەکتەب دەرنەچوو بوو، وتم بۆ دەرنەچووی؟ وتی: دەی خۆ هەر من نیم، زۆربەی پۆلەکە دەرنەچوون. وتم چاوی زۆربەی پۆلەکە دەرەهات، بڵێ بزانم تۆ بۆ دەرنەچووی؟!
خۆشمان کە لە مەکتەب بووین، مامۆستا دەرسێکی شەرح دەکرد و لە کۆتاییدا ئەیپرسی: تێگەیشتن؟ سەیری پاش و پێشی خۆمان دەکرد و دەمانپرسی؟ کامەران تێ گەیشتی؟ نەوەڵا! سیروان ئەی تۆ؟ وەڵا ئەڵێی گوێزم بۆ ئەژمێرن! ئەی ڕێبوار تۆ؟ نە بە خوا هیچ تێنەگەیشتووم. یەکسەر ئێمەش مورتاح ئەبووین و شوکری خوامان دەکرد کە بەس ئێمە گێل و گەمژە نین، ئەوەتا زۆربەی پۆلەکە وان و ئەلحەمدولیلا هەموویان لە دەرسەکە تێنەگەیشتوون! جا هەمیشەش ڕقمان لەو کەسە بوو کە تێگەیشتووە. ئاخر چۆن ئەبێت کەسمان تێنەگەیشتووین و کەچی تۆ تێگەیشتوویت هەی فڵقۆ؟! ئاخ چەندەمان ڕق لە تەلەبەکانی ڕیزی پێشەوە بوو کە بە خێرایی تێدەگەیشتن و زوو زوو دەستیان هەڵەبڕی!
لە گرانییەکەشدا کە شوکر ماڵی ئێمە لە هەموو کەس زیاتر برسی بووین و نان نەبوو بیخۆین، یەک گلەیی و ناڕەزاییمان هەبووایە، یەکسەر دایکم ئەیوت: دەی خۆ هەر ئێمە نین، هەموو کەس نان نییە بیخوا و زۆربەی خەڵک پارەی پێ نییە! قەت نەیئوت: وەڵا ڕاستەکەن ئەوەتا ماڵی فڵانە جیرانی بەرامبەرمان تێرن، ئەچوو نمونەی بە حەوت کۆڵان ئەولاتر ئەهێنایەوە کە ئەوانیش وەک ئێمە لات و پووت و برسی و سەگ و سەگباب بوون!
جا کەناڵی ئاڤا و تەنانەت ئەوانی تریش کە گوایە پێیان وایە پارێزەر و مودافعی حەڕەمی کاک مەسروور و حکومەتەکەین، نایەن بەرنامەی ژینگەیی بکەن و پێمان بڵێن چۆن ژینگەی پیسی هەولێر پاک دەکرێتەوە. دێن ئەڵێن: ئەوەنییە ئەستەنبوڵیش پیسە؟! خەڵکینە گلەییتان نەبێ، خۆ هەر ئێمە چڵکن نین!
ئاخر بۆ دیفاع لە کاک مەسروور و حکومەت، ئەم ڕێگەیە غەڵەتە! ئەو خۆیشی پێی وایە هەوا و ژینگەی هەولێر پیس بووە، کەچی پێی دەڵێن: نا قوربان، گوێی مەدەرێ، بەس هەولێر وا نییە، بەغداش پیسترین شاری جیهانە. جا کە تۆ سەد دۆلارت پێ بێ و هاوڕێکەت هیچی پێ نییە، خۆ تۆ دەوڵەمەند نیت، ئەو زۆر لاتە! دەی تۆش مەڵێ ئەستەنبوڵیش زۆر پیسە، بڵێ بزانم: چۆن هەولێر پاک دەکرێتەوە؟!
تەنانەت لە میدیاشەوە مونافەسەیەکی ماقوڵ و چاک بۆ کاک مەسروور ناکەن، ڕووداو بەرنامەی چڕ و پڕ دەکات کە خەڵکی چۆن لە جگەرە و دووکەڵ دوور بکەوێتەوە. کەچی کوردستان٢٤ موقابەلەی کابرایەکی کردووە کە ٣٠ ساڵە جگەرە بووەتە باشترین هاوڕێی 🤨 ئەمەیان لە کۆمێنت دادەنێم!
بەڕاستی لای من، هیچ بەقە ئەوە ناخۆش نییە، کە بە باشی لە شتێک تێگەیشتبیت و خەڵکیش وابزانن تۆش هەر وەک ئەوان ڕەئێکی جیاوازت هەیە!