
ئێمە موعارەزەی خەدەمی-مان هەیە نەک موعارەزەی سیاسی
بارزان عەلی حەمە
ژیانی سیاسیی موعارەزەی ئێمە، بەندە بە نەهاتنی مووچەوە. بەندە بە خراپی کارەبا و ڕێگا و بانەوە! ئێمە موعارەزەی خەدەمی-مان هەیە نەک موعارەزەی سیاسی. لە دنیادا لەم جۆرە موعارەزەیە هەر نییە، بەڵکو ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا ئەو کارانە دەکەن کە ئەوان دەیکەن و ناویان ناوە سیاسەت!
ئیشی موعارەزەی سیاسی (کە ئێمە نیمانە!) ئەوەیە کە فکری سیاسی تەڕح بکات و مۆدێلێکی تری ڕژێمی سیاسیمان پێ بناسێنێ و هەڵەی تێز و تیۆرە سیاسییەکانی حیزبی حاکم بڵێ و نەخشەیەکی جیاوازی ڕژێمێکی سیاسی بخاتە ڕوو کە ئێمە لە نەهامەتی ڕزگار دەکات، نەک پێمان بڵێت ئەم حکومەتە خراپە چونکە کارەباکەی خراپە، حکومەتێک باشە کە کارەباکەی باش بێت! دەی ئەم قسەیە حیزب دروستکردنی بۆچییە؟ هەر لە فەیسبووکەوە بیڵێ، وەک هەموومان کە هەر لەوێوە دەیڵێین!
جاران حیزب دروست دەکرا و تێز و تەنزیماتی خۆی ڕادەگەیاند و پاشان ڕۆژنامەیەک یان ڕادیۆیەکی دەکردە زمان حاڵ، کەچی ئێستا پەیجێک دروست دەکرێ و پاش ماوەیەک دەکرێت بە حیزب و ئەو حیزبەش هەر ئەو شتانە دەکات کە لە پەیجەکەوە دەیکرد!
لە کۆنگرەیەکی پەیجەوانیدا، کاک شاسوار بە پۆزەوە دەیوت: ئێمە هیچ پەیڕەوێکی حیزبیمان نییە! وەختی خۆی گۆڕانیش پۆزی لێ دەدا کە تەزکیە و تەنزیمیان نییە و حیزبی خوڕسکن! واتە فەلسەفە سیاسییەکەیان ئەوەبوو کە کابرا هەر بڵێت بژی کاک نەوشیروان، پێی ئەبێت بە گۆڕان!
جا حیزبی موعارەزەی خەدەمی، کە هیچ مەنهەج و تێزێکی سیاسییان نییە، وەک خۆیان دەیڵێن: پەیڕە و پڕۆگرامیان نییە، دەستوری کاریان نییە، ئیتر ئەبێت وەک حیزبی تەجروبی لێیان بڕوانیت و لەگەڵیان بیت. یانی ئەبێت بووەستیت تا بزانیت کاک عەلی حەمە ساڵح هەشت ساڵی تر چیمان بۆ ئەکات و چی پێ دەکرێت! ئێ ئەو پڕۆگرامێکی سیاسیی تەرح نەکردووە تا بیخوێنینەوە بۆ ئەوەی لێی تێ بگەین، گەر بمانەوێت تێ بگەین چی دەکات؟ ئەبێت ٧٣٩ لایڤی لە فەیسبووک سەیر بکەین!
دەی ئەو کارەی کاک عەلی حەمەساڵح بە حیزب و پەرلەمان دەیکات، هەر ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس (بەشدار بازیانی) لە فەیسبووکەکەی خۆیەوە دەیکات! ئەوەی کاک شاسوار دەیڵێ، هەر ئەوەیە کە ڕەنج سەنگاوی دەیڵێ! ئەو خوایەی کاک عەلی باپیر باسی دەکات، ئێ هەر خواکەی جەلال پەرێشانە ئەمە حیزبی بۆچییە؟!
جا نازانم ئەو ڕاوێژکارە کێ بووە کە بە کاک مەسرووری وتووە هەموویان کۆبکەینەوە و یەکڕیز بین باشە؟! هەر کەس بێت، سایکۆلۆژیای موعارەزە و جەماوەری کوردستانی نەناسیوە!
ئێ موعارەزەی خەدەمی، تەغزیەی سیاسیی خۆی لە بێ مووچەیی و بێ کارەبایی و بێ نەزمی تۆوە دەکات. موعارەزەیەک کە لەسەر «خراپی و کەموکورتی»ی تۆ دروست بووبێت، چۆن دێت لەگەڵتا کێشە و کەموکورتیەکانت چاک بکات؟!
کاک عەلی حەمەساڵح حیزبێکی دروست کردووە، بۆ ئەوەی باسی بێ مووچەیی بکات، ئێ کە مووچە چاک بکرێت باسی چی بکات؟
لە کوردستان ڕۆژنامەنووسەکان ئەکەین بە پەرلەمانتار، کەچی لەوێش هەر کاری ڕۆژنامەوانیمان بۆ دەکەن، هەر ڕاپۆرت دەنووسن و وتار دەنووسن و لایڤ دەکەنەوە لە فەیسبووک و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستن!