
تەواو مەشروعەکە سەری نەگرت
تەواو مەشروعەکە سەری نەگرت، ئیتر ئەم یەک دوو ڕۆژەی داهاتوو، یەکێتی خێمەکەی بن دەباشان ئەپێچێتەوە.
مافخوراوە ڕاستەقینەکان، مافەکانتان لە دەباشانە، بە سێ چوار دەمامکداری نێو خێمەکە فریو مەخۆن، بڕۆن بۆ دەباشان و بە کوڕەکانی مام جەلال بڵێن: کوا مافەکانمان؟ کوا موچەکانمان؟ کوا پارک و شەقام و تونێل و بەنداو و خزمەتگوزاری و نان و کار و کەسابەتمان؟
ئێوەش مرۆڤی عاقڵ و سەنگین بن و کە پێیان وتن لای پارتییە، یەخەیان بگرن و بێژن: ئەی شەست کورسی پەڕلەمانمان بۆ داوە بە ئێوە؟
لە هەموو دنیا خەڵک کە حزب و گروپێک ئەکاتە خاوەن کورسی و پێگە، بۆ ئەوەیە شەڕ بۆ خەڵکەکە بکەن تەنیا لە زۆنی سەوز نەبێ! خەڵک دەنگیان پێئەدا، دەوڵەمەند ئەبن و ئەبنە خاوەنی هەموو شتێک، دواتر ئەبێ خەڵک شەڕ بکات لە پێناوی ئەوەی ئەوان ئیسراحەتیان لێ تێکنەچێ.
یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و عەلی و هەموو بەرەی مقاوەمە، ئەگەر ڕاست ئەکەن و فێڵ لە خەڵک ناکەن و ئەزانن و دڵنیان ئەوە پارتییە حەقی موچەخۆر ئەخوات، ئەی کوا شەرەف و غیرەت و هەستی بەرپرسیارییەتیتان؟ خۆ بە هەمووتان سەرو دووسەد هەزار دەنگدەر و کادرتان لە هەولێر هەیە، بۆ نایەن خەباتێکی مەدەنی بە بێ دەمامک بکەن؟ بۆ نایکەن؟
خەڵکیش نەیزانێ، ئێمە قسەی نێو دانیشتنە داخرەوەکان ئەزانین، ئەزانین چۆن پێئەکەنن، ئەزانین ئەو خەڵکەی خۆتان گورگانخواردتان کردووە، چۆن بە گێل و گەمژەیان ئەزانن، ئەزانین و هەموو نهێنییەکانی ناو ژیان و کار و بیرکردنەوەشتان ئەزانین. ئەمڕۆش نەبێ، ئەو ڕۆژە دێ یەک کەس نامێنێ بە ئاوازی درۆینەتان هەڵپەڕێ.
ئارتین جەلال بەگ