
چەک دانانی پەکەکە
چەک دانان پرۆسەیەکی سیاسیی ورد و ئاڵۆزە، خۆ ئەوە نییە یەڵڵا چەکەکەت دانێ و بڕۆرەوە گوندەکەت خەریکی فەلاحەتی خۆت بە! سەدان و هەزاران مەرج و ڕێکەوتن و جاڕ و جەدەلی لە پشتەوەیە کە ئێمە هیچیمان ئاگا لێ نییە!
خەڵکی سادە و ڕەشۆک وا تێگەیەنراون کە هەر ئێستا گەریلا لە قەندیلەوە دێتە خوارەوە و کڵاشینکۆف و مەتارە و مەخزەنەکەی ئەداتە دەست جەندرمەیەک و ئەڕواتەوە دوکانێکی شاورمە دادەنێ لە ئیزمیر! جا کەناڵ٨یش هەر بەم ڕوئیەیەوە چووبوو لایڤی کردبووەوە و کامێرای خستبووە سەر چیای قەندیل!
خۆ گەر هەر ئەم ئێوارەیە پەک داخوازییەکەی ئاپۆ جێبەجێ بکات، پرۆسەی چەک دانان سێ بۆ چوار ساڵی پێویستە! فەرەزنا بە شەو و ڕۆژێکیش چەک دانرا، ئەمە ئاڵۆزییەکی گەورەی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان و جیهانیش دروست دەکات، قەندیل چۆڵ بێت، ئەبێت هەرێم ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بکاتەوە، دەنا دا-عش یان گروپی توندئاژۆی ئیسلامیی دەچێتە جێگەیان و بە دنیا لاناچێ و ئەبێتە مەترسی بۆ جیهان، کە ئەمە بۆ هیچ کەس و بۆ جیهانیش قەبووڵ نییە!
دیسان فەرەزنا پەک چەکی دانا، دوو ئەگەر هەیە، یان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێنە جێگەیان و دژبەری ئێران بەهێز دەکرێ، کە ئەمە لە واقعەوە نزیکە، یان پژاک وەک حیزبێکی ناتورکی(کە گوایە پەیوەندییان بە ئەمنیەتی تورکەوە نییە!) لە هەمان جێی خۆیان دەمێننەوە و ئەو پەکەی گوایە لادەرە و گوێڕایەڵیی پەیامەکەی ئاپۆ نابێ و چەک دانانێ، دەبێتە پژاک یان دەکرێتە پژاک، ئەگەری زۆریشە هەموو چەکی پەکی قەندیل بدرێتە ئەوان! بۆیە وای دەبینم ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە ئەم پرۆسەیە تێک بدات و سەر نەگرێ!
چەک دانان ئەبێت هەلومەرجی بۆ بڕەخسێنرێت، دنیایەک کرانەوەی تورکیی پێویستە و بۆ ئەوانیش زۆر قورسە وا بە ئاسانی ئەو هەموو ژەنراڵە کە نان و بزنسیان لەسەر شەڕی قەندیلە، بێدەنگ و بێ ئیش بکرێن، جگە لەوەش، ئامادەکاریی میللی دەوێت، پێویستە گەلی تورکی تورکیا حازر بکرێت بۆ قەبووڵکردنی ئەم پرۆسەیە، دەوڵەتێک کە نیو سەدەیە بە گەلەکەی خۆی دەڵێت ئەمانە تیرۆریستن، هەروا ئاسان نییە بە چەک دانان تێکەڵی گەلەکەیانی بکەنەوە! بۆیە حەتمەن زەمینەسازیی زۆری پێویستە و پەکیش هەروا بە ئاسانی چەک دانانێ.
ئێمە تەجروبەی گروپی فارکمان هەیە لە کۆڵۆمبیا، ئەوانیش عەینەن پەک، دەوڵەت خستبوونییە لیستی تیرۆرەوە، ژێر بە ژێر چەندین ساڵ لە گفتوگۆدا بوون بۆ چەک دانان و هاتنەوە ناو پرۆسەی سیاسیی کۆڵۆمبیا، تەنانەت سەرۆکی فارک لە کوباوە گەڕایەوە کۆڵۆمبیا و تا ساڵی ٢٠١٢ کە ئیعلانی ڕێکەوتننامەکەیان کرد، چوار ساڵی ویست تا بگەنە ڕاپرسییەک لە نێو گەلی کۆڵۆمبیا کە ئایا قەبووڵیانە یان نا؟ دادگای باڵای کۆڵۆمبیاش خستیە ڕیفراندۆمەوە و ساڵی ٢٠١٦ ڕاپرسی کرا و سەدی پەنجا بەرە و ژوور نەخێریان هەڵبژارد و شکستی هێنا!
وەلحاڵ، ئەم پرۆسەیە زۆر جددیش بێت، قورسە وا بە ئاسانی قەندیلێک کە لای ئەوان تیرۆریستە، ببرێتە ئانکەرایەکی بە قەولی خۆیان دیموکراسییەوە! دەوڵەتێک مەبەستی ڕێکەوتن بێت، پێرێ بە درۆن لە سەرکردەکانی ئەوانەی نە ئەدا کە وا خەریکە گوایە لەگەڵیان ڕێک بکەوێت!