ترەمپ سەردانی سعوودیە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وادەی یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتەکەی دیاریکرد و ڕایگەیاند: لەماوەی مانگ و نیوێکدا سەردانی سعوودیە دەکەم، سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕیاز لە یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتەکەیدایە لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە بووە، کە بازنەکانی ئەمەریکا بە “پەیامێکی بەهێز بۆ هاوبەش و دۆستێکی سەرەکی بۆ ماوەی 80 ساڵ” وەسفیان کردووە.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەرۆک وەزیرانی سعوودیە کۆدەبێتەوە، هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ترەمپ لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی داڤۆسدا ڕایگەیاند، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەرۆک وەزیرانی سعوودیە، پیاوێکی گەورەیە، ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەکی باشیان هەیە، هەروەها سعوودیە بە بڕی 600 ملیار دۆلار لە ئەمەریکا وەبەرهێنان دەکات.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە، سەبارەت بە ئەگەری دوو هێندەکردنی بەهای وەبەرهێنانەکانی سعوودیە لە واشنتن بۆ یەک ترلیۆن دۆلار گفتوگۆ دەکات.