
ئێمە پێویستمان بە بیرمەندێکی گەورەیە، پێویستمان بە ژیرێکی ڕاستگۆیە، پێویستمان بە میدیایەکی زەبەلاحە، تا ئاراستەمان بکات بەرە و چاک بوون و ڕێکبوونەوە!
ئێمە پێویستمان بە بیرمەندێکی گەورەیە، پێویستمان بە ژیرێکی ڕاستگۆیە، پێویستمان بە میدیایەکی زەبەلاحە، تا ئاراستەمان بکات بەرە و چاک بوون و ڕێکبوونەوە! ڕاستە معاشمان خراپە، بەس هەردەبێت ڕاست بکرێینەوە!
ئەم شەپۆلە گەورەیەی پۆلۆلیزم بەرە و کەناری ئارامی و ئاوەدانکردنەوەمان نابات. دژی دانانی کامێرای هاتووچۆبوون، شۆفێرێکی لادەریان دەهێنایە سەر شاشە کە پانزە جار لە یەک شەقام بە خێرایی لە پانزە کامێرای داوە، ئامۆژگاری و ڕێنماییان نەدەکرد کە خێراییەکەی کەم بکاتەوە و پابەندی یاسا بێت، ئەیان وت: ئەم هەژارە پارەی زۆری بۆ هاتووەتەوە و پێی نادرێت، داوای لابردنی کامێراکانیان بۆ دەکرد، خەڵکیان هان دەدا فیشەک و بەرد بنێن بە کامێراکانەوە و بیشکێنن! هانیان نەدەدان کە بە قانوونی بڕۆن!
هەرچی ئاین و ئایەتە، باسی گوناهی ئیسراف و بەفیڕۆدان دەکات، چەندین ئایەتی خوا باسی گرنگی ئاو دەکات، و وجعلنا من الماء كل شيء حي! خودا عەرشەکەی خۆی لەسەر ئاو داناوە، ئیسرائیل کە بیابانی سینای گرت، بە ئاو گۆڕییەوە لەگەڵ میسر! کەچی پۆپۆلیزمی کوردی، بە خەڵکیان نە دەوت، ئاو بەفیڕۆ مەدە و دەستی پێوە بگرن، خەڵکیان فێر دەکرد و هانیان دەدان پێوەرەکانی ئاو بشکێنن و بە دڵی خۆیان ئاو بە فیڕۆ بدەن، هەموو مێژووی موعارەزەی کوردی، بە خەڵکیان نەوت: تەوافەیەک بۆ تانکییەکانتان دابنێن!
بورهانی کارەباچی، کە گەورە گۆرانیبێژی موعارەزەکان بوو، مایک و شاشەی گەورەیان خستبووە خزمەتی و ئەیوت: مناڵەکانم فێرکردووە گڵۆپی زیادە داگیرسێنن بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە بڕوخێت! کەس نەیوێرا پێی بڵێت ئەمە هەڵەیە!
دەی ئاقیبەت هەر دەبێت یەکێک بێ و فێرمان بکات و سنوورمان بۆ دابنێ، دەبێت لەدەرەوەی حەز و مەساڵیحەکانی پارتی و یەکێتییەوە، لێکدانەوەیەک بۆ وجودمان، بۆ هەڵەکانمان، بۆ ڕێکخستنەوەمان بکرێت!
لە کوردستان بە پێی ئاماری نافەڕمی، نزیکەی یەک ملیۆن تەوالێت هەیە، ئەمە واتە یەک ملیۆن مەسینە، دیسان واتە یەک ملیۆن گڵۆپی شەست تا سەد واتی، کە بەردەوام بە لای ملیۆنێک مەسینەوە کار دەکات و ناکوژێنرێتەوە. هیچ موعارەزەیەک، هیچ شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیرێکمان تیا هەڵنەکەوت، بێ ترس لە جنێو و هەیەجانی پۆپۆلیستەکان، بەو خەڵکە بڵێت: تکایە کە لە تارات تەواو بوون، گڵۆپەکان بکوژێننەوە با کارەبا بەفیڕۆ نەچێت. ئەگەر ئەمە بڵێن، دەترسن پێی ببن بە یەکێتی و پارتی.
دەترسن بە خەڵک بڵێن ئاو بەفیڕۆ مەدە، نەکا بە کۆیلە حیساب بکرێن و جنێویان پێ بدرێت! ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکە، پێویستمان بە ڕینیسانسێکە، پێویستمان بە ئیماندارێکە بیرمان بۆ بکاتەوە و ئامۆژگاریمان بکات، خودایە تیاماندا هەڵکەوێ! خودایە بۆمان بنێریت!
میدیا پۆپۆلیستەکان بە خەڵک ناڵێن ئافەرین و بارەکەڵا کە گڵۆپی زیادەت کوژاندووەتەوە، دەچن کۆڵانێکی تاریک نیشان دەدەن و بەخەڵک دەڵێن گەڕەکەکەتان تاریکە، گڵۆپە کوژاوەکان، تەوالێتە تاریکەکانیان تەسویر دەکەن و هانیان دەدەن گڵۆپەکانیان داگیرسێنن، چونکە دەڵێن ئەم حکومەتە خراپە، ئێوە گڵۆپی زیادە داگیرسێنن با بڕووخێت!
تۆ ٢٤ سەعات سێ ئەمپێر کارەبای بەردەوامت هەبێت، ژیانت ڕووناکتر و ئاسانترە، نەک یەک سەعات دووسەت ئەمپێرت بدرێتێ و ٢٣ سەعاتی تر کارەبات نەبێت، دەی ئافەرم کە مادام گرانە بە زایعی نادەی!
دوانزە ساڵ لە ئێران بووین، بەردەوام لە کەناڵەکانی (صدا و سیما)وە پاپایان دروست دەکرد، ئەنیمەیشنیان دروست دەکرد، بەردەوام تەلەفزیۆن لە گەرمەی فیلم و ئافلام کارتۆن و ئەڵقە خۆشەکاندا، ڕایدەگرت و ئەیوت: هرگیز نشە فراموش، لامپ اضافی خاموش! یانی هەرگیز فەرامۆشی نەکەیت و گڵۆپە زیادەکان بکوژێنیتەوە! مناڵان فێری دەبوون و ئەیانوتەوە.
ئێستاش بیرمە ئەنیمەیشنی (بابا برقی/ بابەی کارەبا)یان دروست کردبوو، پیرە پیاوێکی پاپا بوو، وەک بابا نوئێل خۆی ئەکرد بە ماڵەکاندا و گڵۆپی زیادەی ئەکوژاندەوە و منداڵان و گەورانی هان دەدا هەمان شت بکەنەوە!
هەتا لە ئێران بووین، هەژار و برسی، چڵکن و دابڕاو لە ژیان، بەڵام بچوک بچوک فێر ببوین گڵۆپەکان بکوژێنینەوە، چێژمان لەوە وەردەگرت لەگەڵ دەرکەوتنی (بابە برقی) کاممان زووتر ڕاکەین گڵۆپەکان بکوژێنینەوە، کەچی کە گەڕاینەوە سلێمانی، ویلمان ئەخستە تانکی حەمامەوە، هیتەر و گڵۆپی زیادەمان دادەگیرساند، کەس پێی نەوتین وا مەکەن، لە قوتابخانە مامۆستاکان بەس تێیان هەڵدەداین، قەت فێریان نەکردین ئاو بە فیڕۆ نەدەین! کارەبا بەفیڕۆ نەدەین!
تکایە گڵۆپە زیادەکەت بکوژێنەوە و گوێ لە پۆپۆلیزم مەگرە! لە کامێرای هاتوچۆ مەدە و یاسایی بە، ئاو نەفیڕۆ مەدە، بەوە یەکێتی و پارتی ناڕووخێت! مادام کارەبا گرانە، ئیشی تۆ نییە بەردەرگا و کۆڵان و گەڕەکەکەتان لەسەر حیسابی خۆت ڕووناک بکەیتەوە، ئەوە ئیشی حکومەتە بە هەموو عامودێکی کۆڵانەکەتانەوە، لەسەر حیسابی خۆی گڵۆپ دانێت، ئەو کارەبایەی تۆ دەیکڕیت، تەنیا بۆ ڕوەناککردنەوەی ژورەکانتە!
بارزان عەلی حەمە