وتار

بەغدا مەبەستی تری هەیە

هەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵە هەوڵ دەدات کە بەپێی دەستوور کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە بکات، تا ئێستا چەندین ڕێککەوتن کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی لە بەغدان هەمیشە هەوڵ دەدەن کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، چەندان ساڵە کارتی مووچە بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنن؛ مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ بەغدا رێککەوتن کرا و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رایگەیاند “ئیتر مووچە نابێتە هەواڵ و هەموو پرسەکانی پەیوەندیدار بە مووچەوە چارە دەکرێن.” بەڵام بەداخەوە هێشتا لە بەغدا ڕوانینێکی زۆر خراپ هەیە و دەیانەوێت هەمیشە خەڵکی کوردستان چاویان لە دەستی بەغدا بێت.

هەندێک هێزی سیاسی لە هەرێمی کوردستانیش هەمیشە پارتی وەک بەربەست لە بەرامبەر چارەکردنی پرسی مووچە دەبینن. پێشتر زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە کە پارتی لەسەر ڕێگای ڕاستە و دەیەوێت هەموو شتێک بەپێی یاسا بێت، بەڵام من باوەڕ دەکەم ئەم جارە هەموو شتێک ئاشکرا بووە.. خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو ڕاستییەکانیان بینی و بۆ هەر کەسێک ئاشکرا بوو کە نیازی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان چەندە خراپە، چونکە وا ڕێککەوتبوون کە ئەمساڵ بابەتی مووچە نەبێتە کێشە، بەڵام دیارە ئەوانەی لە بەغدان دەیانەوێت مووچە بکەنە کێشە تا خەڵکی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە ناو ئاڵۆزیدا بن، بەداخەوە ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٥ داین و بەرپرسە شیعەکانی بەغدا بەردەوام باسی مافی کوردان دەکەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە بچووکترین مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەنە کێشە.

پێشتریش زۆر جار من گوتوومە و دیسان دەڵێمەوە، مێژوو سەلماندوویەتی کە دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕێز لە ڕێککەوتنەکان ناگرن، گرنگی نادەنە مافەکانی گەلی کوردستان، لەبەر ئەمەش هەر ڕێککەوتنێک بکرێت ئەوان هەر وەک خۆیان دەکەن. ئەوان هیچ ڕێزێک لە خەڵکی کوردستان ناگرن، بیانووەکانی وەزیری ئابووری عێراق هیچ کاتێک تەواو نابن، ئەگەر هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانیشیان جێبەجێ بکات ئەوا دیسان هەر بیانوویەک دەهێننەوە تا کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

ئامانجی بەغدا ئەوەیە کە ڕێگریی لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بگرێت، ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بێگومان هیچ کاتێک بە دڵی ئەوان نەبووە و نابێت؛ تا لە توانایاندا بێت ئەوان لەسەر سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن، لەبەر ئەمەش دەبێت ئیتر هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا بە کردەوە هەندێک شت بکەن. ماوەیەک پێش ئێستا پارتی داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد کە پێکەوە هەڵوێستیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە هێزەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن دیسان بە دەیان بیانوویان هێنایەوە و بەشدارییان لە کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکاندا نەکرد، بێگومان ئەمە لاوازییەکی بەرچاوە و تا یەک هەڵوێستی لە ئاستی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا دژی بەغدا نەبێت، من باوەڕ دەکەم بەغدا لەسەر سیاسەتی ئێستای دژی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. من باوەڕ ناکەم کێشەکان بە ڕێککەوتن چارە بکرێن.

تا لە هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی هەڵوێستێکی توند دژی بەغدا نەبێت، سیاسەتی بەغدا بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەڤین بارزانی

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button